دووەم کاروانی هاوکاری مرۆیی گەیشتە غەززە
K24 -هەولێر:
مارتن گریفیتس، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دووەم کاروانی هاوکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سووری میسر لە رێگەی دەروازەی (رەفەح)ەوە گەیشتە غەززە.
ئاماژەی بەوەشدا، کاروانەکە لە 14 بارهەڵگر پێکهاتووە، بەڵام خەڵکی سڤیل هێشتا پێویستیان بە زیاترە و دەبێت هاوکاری مرۆیی زیاتر رەوانەی غەززە بکرێن.
حەڤدە رۆژە شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە غەززە بێ ئاو و کارەبا و خواردنن. یۆئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش ئاشکرایکرد، شەڕ چەند مانگێکی دیکەش بەردەوام دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، جۆسێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبووەنەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ رایگەیاند، گرنگە ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە رابگەیێنرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی هاوکارییە مرۆییەکان لە شارەکە دابەشبکرێن.
ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت بەزووترین کات هاوکاری مرۆیی زیاتر رەوانەی غەززە بکرێت، ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ خەڵکی سڤیلی غەززە بگەڕێندرێنەوە.
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و لە رێی وشکانیشەوە هەزاران چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو چەند شارێکی ئیسرائیل و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل روویدا. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو هەفتەیە بە بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە دەکات.
ئاماری قوربانیانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل
- رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە کەرتی غەززەوە کراوەنەتە سەر ئیسرائیل کوژراون، بۆ ھەزار و 400 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی ئیسرائیل برینداربوون، بۆ پێنج ھەزار و 132 کەس بەرزبووەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل راشیگەیاندووە کە لەو ژمارەیە، 47یان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.
- لەلایەکی دیکەوە ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندورستیی فەڵەستین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تا ئیستا لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، چوار ھەزار و 651 کەس کوژراون لەنێویاندا، ھەزار و 873 منداڵ، ھەزار و 32 ئافرەت و 187 کەسی بەساڵاچووان ھەن.
ئاماژەی بەوەشدا کە ھەروەھا تا ئێستا لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، 14 ھەزار و 245 کەس برینداربوون و گوتی: "سەدا 40ـی ئەو کەسانەی کە بەھۆی هێرشەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، منداڵن، ھەروەھا سەدا 70 ئەوانەش کە برینداربوون بەساڵاچووان، منداڵ و ئافرەتن".