33 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەمە ساڵح دیلان تێدەپەڕێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیر و مەقام بێژی ناسراوی کورد، حەمە ساڵح دیلان تێدەپەڕێت.

حەمە ساڵح دیلان، وەک شاعیر و مەقامبێژ خزمەتێکی بەرچاوی بە ئەدەب و هونەری کوردی کردووە، تائێستاش شیعر و مەقامەکانی دیلان لەلایەن ژمارەیەک لە گەنجان دەگوترێنەوە.

ساکار عەبدوڵڵا، ئێتنۆ میوزیکۆلۆجیست یەکێکە لەو کەسانەی توێژینەوەی لەبارەی ژیانی حەمە ساڵح دیلان کردووە، دەڵێت: "حەمە ساڵح دیلان خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوەزەیە کە دەتوانین وەکو قوتابخانەیەکی هونەر سەیری بکەین، توانیویەتی رێچکەیەکی تایبەت لە گوتنی مەقام دروست بکات، تائیستاش بەشێک لە گەنجان دەیانەوێت لەسەر رێچکەی دیلان مەقام بڵێنەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "مەقام و گۆرانی پیشەی دووەمی حەمە ساڵح دیلان بووە، چونکە ئەو نووسەر بووە و چەندین شیعری جوانی هەیە، پێی خۆش بووە وەکو نووسەر و شاعیر بناسرێت نەک گۆرانیبێژ".

ساکار عەبدوڵڵا، باس لەوە دەکات، لە توێژینەوەکەیدا لەبارەی حەمە ساڵح دیلان کۆمەڵێک سەرچاوەی بەکارهێناوە و بە کتێب چاپیکردووە، کە بڕوای ئەو کتێبخانەی کوردی لە بواری هونەر بەتایبەتی هونەری میوزیک لاوازە و کەمتر وەکو نووسین کار لەسەر هونەر دەکرێت.

محەممەد ساڵح دیلان لە ساڵی 1927 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی و دایکبووە، سەرەتاکانی قۆناغی خویندنی لە مزگەوتی بابەعەلی بەسەر بردووە و دواتریش لە قوتابخانەی خالدییە قۆناغی سەرەتایی بڕیووەو درێژەی بە خوێندن داوە و تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە. دواتریش لە ساڵی ساڵی 1947 لە فەرمانگەی تووتن دامەزراوە و وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی رۆژانی تەمەنی بەڕێکردووە و سەرقاڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانی بووە، لە 28ی تشرینی 1990 کۆچی دوایی کردووە.

Fly Erbil Advertisment