هه‌ڤپه‌یڤینی كوردستان24 له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د فیدا یه‌كێك له كورده فیدائییه‌كانی فه‌ڵه‌ستین

K24 - هەولێر:
ساڵانی دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول له 1961 به‌گشتی و دوتر دوای كوده‌تای به‌عسییه‌كان له شوباتی 1963 به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسم و گه‌شتنیان به ده‌سه‌ڵات، عێراق رووبه‌ڕووی ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژی و سه‌ركوتكاری بووه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ك حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ كورد و شۆڕشه‌كه‌ی به رابه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له شه‌ڕدا بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه له ناوخۆدا خه‌ركی سه‌ركوتكردنی هه‌ر جۆره نه‌یاره‌تی و به‌رهه‌ڵستكارییه‌ك بوو، كه ده‌بووه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس. هاوكات له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌دا جارێكی دیكه له‌و ماوه‌یه‌دا جه‌نگی نێوان عه‌ره‌ب – ئیسرائیل به‌تایبه‌ت له حوزه‌یرانی ساڵی 1967 هه‌ڵگیرسایه‌وه و هه‌ر یه‌ك له میسر، ئوردن و سووریا سه‌ركردایه‌تی عه‌ره‌بیان ده‌كرد له‌و جه‌نگه‌ی دژ به ئیسرائیل به‌رپا بوو و به جه‌نگی شه‌ش رۆژه ناسراوه.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا بوو، بارزانی شه‌ڕی دژ به رژێمی عێراقی راگرت، كه ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داوای ژماره‌یه‌ك له زانایانی ئایینی بوو، چونكه ئه‌و كات عێراقیش خۆی به به‌شێك له جه‌نگی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل ده‌بینی، ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ك له كوردیش به‌تایبه‌ت شیوعییه‌كان و هه‌ندێكیش له پارتییه‌كان چووبوونه ناو جه‌نگه‌كه و وه‌ك فیدائی به‌شداری كرده و چالاكییه‌كانی دژ به سوپای ئیسرائیلیان ده‌كرد. محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا دۆڵه‌به‌كره‌یی ناسراو به (محه‌ممه‌د فیدا) وه‌ك یه‌كێك له كورده‌كانی خه‌ڵكی هه‌ولێر، له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1967 – 1972 چووه‌ته به‌ره‌ی ئازادیخوازانی فه‌ڵه‌ستین و به‌شداری چه‌ندین چالاكی چه‌كداری كردووه و له‌وێ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوانی ئازادیخوازانی جیهانی كردووه بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، رۆژنامەنووس عەبدولستار باغەمرەیی بۆ كوردستان24 بۆ ئاگاداربوون له بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌می باشووری كوردستان و عێراق و به‌شداری و چالاكییه‌كانی كورد له‌و جه‌نگه‌دا ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌ی له‌گه‌ڵ ناوبراو كردووه.
كوردستان24: بارودۆخی ئه‌وسای باشووری كوردستان و عێراق به‌گشتی چۆن بوو؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: بارودۆخ له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كان به‌دواوه له باشووری كوردستان تا ئه‌وپه‌ڕ توند بوو، حكوومه‌تی عێراق به هه‌موو هێزی سیاسی و سه‌ربازی هه‌وڵی لێدان و له‌ناوبردنی شۆڕشی كوردی به رابه‌رایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چه‌ندان شێوازی به‌كار ده‌هێنا، هه‌موو ئامانجی دوورخستنه‌وه‌ی به‌تایبه‌تی گه‌نجه كورده هه‌ڵاتووه‌كانی ریزه‌كانی سوپا "سه‌ربازه فیراره‌كان" بوو له شۆڕشی كورد، كه به شۆڕشی ئه‌یلوول ناسراوه و له دژی حكومه‌تی عێراق و بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له شه‌ڕدا بوو.
كوردستان24: ئێوه له هه‌ولێر كاری سیاسیتان ده‌كرد و چالاك بوون، به‌و هۆیه‌وه‌ش ده‌ستگیر كراون، هۆكاری ده‌ستگیركردن و دواتر زیندانیكردنتان هه‌ر به‌هۆی كاری سیاسییه‌وه بوو؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: ئێمه له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كاندا له‌ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیای چه‌پدا كاری سیاسیمان ده‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێبه‌ندی به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و دۆزی كورد بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كه پارتی دیموكراتی كوردستان رابه‌رایه‌تی ده‌كرد. له سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1967 له هۆتێل خانزاد له لای چایخانه‌ی مه‌چكۆ له هه‌ولێر به تۆمه‌تی پابه‌ندبوون به به‌ها و بنه‌ماكانی شۆڕشی ئه‌یلوول و هه‌بوونی پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆم به ماڵباتی بارزانییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كی دارایی بۆ شۆڕش له‌نێو ماڵه‌كانی سه‌ر قه‌ڵاتی هه‌ولێر، ده‌ستگیر كرام و دوای زیاتر له سێ مانگ مانه‌وه له زیندان، ئازاد كرام.
كوردستان24: دوای ئه‌وه‌ی ئازاد كران، ئێوه چوون بۆ فه‌ڵه‌ستین بۆ به‌شداریكردنی له جه‌نگی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل، ئێوه چۆن بوو بڕیارتان دا بۆ ئه‌و جه‌نگه بچن؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: ئێمه له سه‌ره‌تادا كارتێكراو بووین به بیری چه‌پ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پرسی كورد وه‌كو پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییمان به ئیعتوبار وه‌رگرتبوو. له رێكخستنه‌كانی حزبی شیوعیدا بووم و به‌هۆی وریایی و چالاكییه‌كانم و زانینی زمانی عه‌ره‌بی به ئاستێكی به‌رز، حزبی شیوعی نووسراویان بۆ كردم بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م بچمه فه‌ڵه‌ستین له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ره به‌رفراوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی بۆ به‌رگریكردن له دۆزی فه‌ڵه‌ستین له‌سه‌ر ئاستی دنیا دروست بوو، نه‌خاسمه ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌زاران عه‌ره‌ب و یوگسلافی و ڤێتنامی و رووسی و چینی و ئه‌مه‌ریكایی و ئه‌فریقایی به‌یه‌كه‌وه و له‌نێو چه‌ندان به‌ره‌ی بچووكتر به‌شداریمان له سه‌رخستنی دۆزی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان كرد. له لایه‌كی دیكه‌وه حزبی شیوعی عێراق كه ئێمه تێیدا ئه‌ندام بووین، مه‌به‌ستی بوو به‌شداری جه‌نگه‌كه بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌گه‌ر گه‌ڕاینه‌وه خزمه‌ت به كاری حزبایه‌تی بكه‌ین، به‌تایبه‌تی كه ئێمه له‌وێ له ماوه‌ی پێنج ساڵی مانه‌وه‌ماندا به‌شداریمان له چه‌ندین خولی سه‌ربازی و ئه‌ندازه‌یی جه‌نگ و په‌روه‌رده‌ی جه‌نگ كرد، كه هه‌موو ئه‌وانه بۆ خۆیان توانستی حزبیان له كاری سیاسی و خه‌باتی چه‌كداریدا پێش ده‌خست.
كوردستان24: ئێوه كه چوون بۆ ئه‌و جه‌نگه سه‌ره‌تا له كوێ دابه‌زین؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: ئێمه یه‌كه‌م جار له "جه‌به‌ل ثه‌وره" جێگیر كراین، كه له بنه‌ڕه‌تدا شانه سه‌ره‌تاییه‌كانی فیدائییه‌كانی فه‌ڵه‌ستین وه‌ك به‌ره‌یه‌كی گشتی له ساڵی 1948 بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داگیركاری ئیسرائیل له‌و چیایه‌دا بنكه‌یان دامه‌زراندووه و ئیلهامیان له جه‌نگی پارتیزانی شۆڕشگێرانی جه‌زائیری، ڤێتنامی، چاینایی و ئه‌مه‌ریكای باشوور وه‌رگرتووه و بۆ یه‌كه‌مین جار له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1950 چالاكییه‌كانیان له دژی سوپای ئیسرائیل له‌نێو خاكی سووریا، میسر و ئوردن بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل ئه‌نجام دا.
كوردستان24: ئه‌ركی ئێوه چی بوو؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: ئه‌ركی ئێمه بریتی بوو له ئه‌نجامدانی چالاكی له دژی سوپای ئیسرائیل، به‌تایبه‌تی كه هێزه‌كانی ئیسرائیل به درێژایی "غه‌ور ئوردن" تا به‌سه‌ر "ده‌ریای مردوو" ده‌گات، له‌وبه‌ره‌وه بڵاوه‌یان كردبوو. ئێمه له ماوه‌ی مانه‌وه‌ماندا چه‌ندین جار چالاكیمان له دژی سوپای ئیسرائیل ئه‌نجام دا، به‌ڵام ئه‌وان له جه‌نگدا زیره‌ك بوون، كه‌مترین زیانیان به‌رده‌كه‌وت.
كوردستان24: ئێوه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه جگه له تۆ، كوردی دیكه له‌گه‌ڵ ئێوه هه‌بوون، ژماره‌تان چه‌ند ده‌بوو؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: ئێمه له سنووره‌كانی هه‌ولێر نزیكه‌ی 60 – 70 كورد ده‌بووین كه به‌شداریمان له‌و جه‌نگه‌دا كرد، ته‌نانه‌ت له شار و ناوچه‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستان كوردی دیكه هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له جه‌نگه‌كه‌دا بكه‌ن. هاوكات جگه له كوردی باشووری كوردستان، كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ش هه‌بوون، به‌تایبه‌ت باكوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش.
كوردستان24: ئێوه كورده‌كان هه‌مووتان له "جه‌به‌ل ثه‌وره" بوون، یاخود له شوێنی دیكه‌ش بوون؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: نه‌خێر ئێمه كورده‌كان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا دابه‌ش كرابووین، بابه‌ته‌كه زۆر په‌یوه‌ندی به نه‌ته‌وه نه‌بوو، به‌ڵكوو دۆزه‌كه وه‌ك دۆزێكی ئومه‌می مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرا. هه‌ندێك له كورده عێراقییه‌كان له "جه‌به‌ل كه‌ڕامه" بوون له ته‌نیشت شاری سه‌ڵت له ئوردن، كه زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌و كوردانه‌ن له سه‌رده‌می سه‌ڵاحه‌ددینی ئه‌یووبی بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵمه‌ته‌كانی دژ به خاچدروشمه‌كان له‌وێ نیشته‌جێ بوونه. من جارێك سه‌ردانی به‌شێك له هاوڕێ كورده‌كانم كرد و دواتر به‌یه‌كه‌وه چووینه بازاڕێكی زێڕینگران، له‌وێ هه‌ندێك له زێڕینگره‌كان به "كاكه" بانگیان كردین پێیان گوتین كه برای ئێوه‌ین! گوتیان ئێمه‌ش كوردین و باپیرانمان له سه‌رده‌می سه‌ڵاحه‌ددین له شاری سه‌ڵتی باكووری كوردستان هاتوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه و هه‌ر بۆیه ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ر به سه‌ڵت ناونراوه! ئه‌وان كورد بوون، به‌ڵێ به‌ڵێ ئه‌وان كورد بوون و ئاره‌زووی دیداری ئێمه‌یان ده‌كرد، ئێمه ئه‌و رۆژه جلوبه‌رگی كوردیمان پۆشی بوو، ئه‌وان داوایان كرد، جله‌كانیان پێ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی یادگاری پێ بچركێنن، ئه‌وان ده‌یانگوت ئه‌مه جلی ره‌سه‌نی ئێمه‌یه، ئێمه ئه‌م وێنانه به‌و جله ره‌سه‌نه‌ی خۆمان له ماڵه‌وه هه‌ڵده‌واسین بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ و نه‌وه‌كانمان بزانن ئه‌مه جلی راسته‌قینه‌ی ئێمه‌یه.
كوردستان24: ئێوه واتا كورده‌كانی باشووری كوردستان هه‌مووتان سه‌ر به حزبی شیوعی بوون، یاخود ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشتان له‌گه‌ڵدا بوو؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: نه‌خێر ئێمه به ته‌نیا شیوعییه‌كان له‌وێ نه‌بووین، به‌ڵكوو ئه‌ندامانی پارتیش له ریزی فیدائییه‌كاندا بوون، ئه‌وانیش خه‌ڵكی زیره‌ك و لێوه‌شاوه و ئازادیخواز و رزگاریخواز بوون، ئێمه هه‌موو وه‌ك برا له‌و به‌ره به‌رفراوانه‌دا بووین، كه خه‌باتمان بۆ دۆزی گه‌لێكی چه‌وساوه ده‌كرد.
كوردستان24: ئێوه ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌وێ بوون، ئاگاداری ره‌وش و بارودۆخی باشووری كوردستان بوون؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: من هاوڕێیه‌كی عه‌ره‌بی به‌غداییم هه‌بوو به ناوی (ئه‌یاد). ئه‌و رادیۆیه‌كی له لوبنان به دیاری بۆم كڕی، من شه‌وانه له رێگه‌ی ئه‌و رادیۆیه‌وه ئاگاداری به‌شێك له رووداوه‌كانی عێراق و كوردستان بووم، ئاگادار بووم له‌نێوان حكومه‌تی عێراق و سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كوردستان چ رووی ده‌دا.
كوردستان24: ئه‌ی چی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌لا مسته‌فا ده‌زانن سه‌باره‌ت به به‌شداری كورد له‌و جه‌نگه‌ی ئێوه تێیدا به‌شدار بوون؟
محه‌ممه‌د ده‌روێش عه‌بدوڵڵا: ئێمه ده‌زانین مه‌لا مسته‌فا بارزانی سه‌ركرده‌یه‌كی رزگاریخواز و ئازادیخوازه، ئه‌و له سۆنگه‌ی خۆیه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ دۆزی فه‌ڵه‌ستین و هه‌ر دۆزێكی دیكه‌ی هاوشێوه ده‌كرد، ئێمه ئاگاداری ئه‌و بوون، كه ئاماده بوو شه‌ڕ له دژی حكومه‌تی عێراق رابگرێت، به‌وپێه‌ی سوپای عێراق به‌تایبه‌ت ئه‌و كات خۆی وه‌ك به‌شێك له‌و جه‌نگه‌دا ده‌بینی. دواتر ئێمه له رێگه‌ی رادیۆیه‌وه گوێبیست بووین كه مه‌لا مسته‌فا بارزانی ژماره‌یه‌ك له كوردی وه‌ك فیدائی ره‌وانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگی دژ به ئیسڕائیل كردووه. ئێمه بیستمان ئه‌و كات ژماره‌یه‌ك له رۆژنامه‌نووسان سه‌ردانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌یان كردبوو و سه‌باره‌ت به چوونی كورد بۆ فه‌ڵه‌ستین و به‌شداریكردنیان له جه‌نگ له دژی ئیسرائیل پرسیاریان لێ كردبوو، ئه‌و گوتبووی خۆی فه‌رمانی پێ كردوون بۆ ئه‌وه‌ی بچن به‌شداری ئه‌و جه‌نگه بكه‌ن. مه‌لا مسته‌فا بارزانی پیاوێكی هاوسۆز بوو له‌گه‌ڵ چه‌وساوه‌كانی جیهان، به ته‌نیا خه‌می كورد نه‌بوو، خه‌می هه‌موو مرۆڤێكی سته‌ملێكراو و چه‌وساوه‌ی بوو، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بوو، بۆیه ناوی له هه‌موو جیهان هه‌بوو، عه‌ره‌به‌كانی فه‌ڵه‌ستین خۆشیان ده‌ویست، كه ده‌یانزانی ئێمه كوردین، به‌تایبه‌ت رۆشنبیر و سیاسییه‌كانیان راسته‌وخۆ ناوی بارزانیان ده‌هێنا، سه‌ڵاحه‌ددین و بارزانی دوو ناوی خۆشه‌ویست بوو له‌لای فه‌ڵه‌ستینییه‌كان.
بایۆگرافی:
محه‌ممه‌د عه‌بدوڵڵا دۆڵه‌به‌كره‌یی ساڵی 1950 له گوندی دۆڵه‌به‌كره‌ی سه‌ر به شاره‌دێی قوشته‌په هه‌ولێر له دایك بووه. له سه‌ره‌تای كاری سیاسی له ناوه‌ڕاسته‌كانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌نێو رێكخستنه‌كانی حزبی شیوعیدا چالاكی كردووه، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌بووه، به‌تایبه‌ت كه به‌هۆی به‌رگریكردن له بارزانییه‌كان و شۆڕشه‌كانیان، رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه و سزادان و زیندانیكردن بووه‌ته‌وه. له ساڵی 1967 تاوه‌كو 1972 له فه‌ڵه‌ستین له به‌ره‌ی به‌رگریكارانی دۆزی فه‌ڵه‌ستین جه‌نگاوه و فێری هونه‌ر و ئه‌ندازه‌ی جه‌نگ بووه. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی و له دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول له ساڵی 1975 بووه‌ته فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت و له ساڵی 1980 هاوسه‌رگیری كردووه و خاوه‌نی چوار كوڕ و شه‌ش كچه. ئێستا خانه‌نشینه و له هه‌ولێر له گه‌ڕه‌كی رۆشنبیری نێشته‌جێیه.