سەربەست لەزگین و حەمدی شنگالی پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکەن

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ بەبۆنەی هەشت ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 پیرۆزباییان لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەو دامەزراوەیە کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
ئەمڕۆ سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەبۆنەی هەشت ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی دامەزراوەکە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ خواستن.
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کوردستان24 لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا زۆر پیشەییانە مامەڵەی لەگەڵ هەواڵ و رووداو و بەها باڵاکانی نیشتمان کردووە، هەروەها راستگۆییانە رووماڵی کاروچالاکییەکانی ئەنجامداوە. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، کوردستان24 بەم تەمەنە کورتەی کە هەیەتی توانی ببێتە جێگای متمانەی خەڵک.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "کوردستان24، دروشم و پەیامی کوردان و کوردستانیانی هەڵگرتووە و، هەمیشە پابەندی پرەنسیب و ئیتیکی رۆژنامەوانی بووە، توانیویەتی خزمەتێکی زۆر بە میدیای کوردی بکات و ببێتە پردێکی بەهێزیش لە نێوان خەڵک و حکومەت".
لەلایەن خۆیەوە حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ وێرایی پیرۆزبایی خۆی لە بەرێوەبەر و کارمەندانی دامەزراوەی کوردستان24 رایگەیاند، "هیوادارم بەردەوام بن لە کارەکانتان و هەواڵەکان بگەیەنن بە جەماوەری کوردستان".
هاوکات گوتیشی: "هیوادارم كوردستان24، بە شێوەیەکی پیشەییانە بەردەوام بێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکی راگەیاندنی خۆی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و گەیاندنی راستییەکان لەسەر بنەمای راستگۆیی و بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان".
ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 تێدەپەڕێت، کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفیشیناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا دهچێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسهنگی و بابهتیبوون و بهرپرسیاریهتی له رووماڵ و بهدواداچوونه رۆژنامهوانییهكان پهیڕەو دهكات و بە گوێرهی ستاندارده باوهكانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامهوانی کار دەكات.
دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015 دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان.