کونسوڵخانەی گشتی چین پیرۆزبایی لە دامەزراوەی کوردستان24 دەکات

K24 – هەولێر:

کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر بەبۆنەی هەشت ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان24 کرد و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتریان بۆ ئەو دامەزراوە میدیاییە خواست.

ئەمڕۆ سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر، بەبۆنەی هەشت ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو دامەزراوە میدیاییە کرد و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ دامەزراوەی کوردستان24 لە بوارەکانی میدیا و ئاڵوگۆڕی کارمەندانیان.

لە پەیامەکەی کونسوڵخانەی چین هەروەها هاتووە، ئامانجیان پەرەپێدانی لێکتێگەشتنی دوولایەنەیە بۆ مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان گەلی چین و گەلی کورد.

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 تێدەپەڕێت، کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفیشیناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات.

دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015 دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان.

پەیامی پیرۆزبایی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر بۆ کوردستان24
پەیامی پیرۆزبایی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر بۆ کوردستان24
Fly Erbil Advertisment