کۆمپانیای فابیاب: پڕۆژەی گرنگمان هەیە بۆ بەرەو پێشچوونی بواری پیشەسازی لە هەرێـمی کوردستان

K24 - هەولێر

رۆژی 31/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیاب کرایەوە، جگە لە بەرەو پێشچوونی کەرتی تایبەت هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەڕەخسێنێت.

سەیاف ئەحمەد، راوێژکاری بەرهەمهێنان لە کارگەی فابیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "وەکو فابیاب پشتمان بەستووە بە ستانداردی جیهانی، بۆ بەرهەمهێنانی کارتۆن، ئێستاش پڕۆژەی گرنگمان هێناوە بۆ بەرەو پێشچوونی بواری پیشەسازی لە هەرێـمی کوردستان و عێراق".

گوتیشی: "فابیاب پێکدێت لە دووبەش، بەشی یەکەم دروستکردنی هەموو جۆرەکانی کارتۆنە، بۆ هەموو جۆرە پیشەسازییەکانی کوشتوکاڵ، دەرمان، پلاستیک، خواردەمەنی، بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان، جگە لەوەی بۆ هەر پێداویستییەک تر ئێمە دەتوانین دابینی بکەین".

سەیاف ئەحمەد،  دووپاتیشی کردەوە، "کۆمپانیای فابیاب دەرگای واڵا کردووە، بۆ گشت کۆمپانیاکان، کارگەکان، بۆ ئەوەی بێن و سوودمەند بن، لە دابینکردنی کارتۆن، بە ستانداردی جیهانی، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان، بە سەلامەتی بگاتە شوێنی مەبەست".

ئاماژەی بەوەشدا "کۆمپانیاکە هاوکارییەک و پاڵپشتییەکەی تەواوی هەیە، بۆ تەواوی جوتیاران و ئەو کۆمپانیانەش کە دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە بەردەوامبن".

رۆژی سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی لە هەولێر کردەوە.

کۆمپانیای فابیابی ئەڵمانی خاوەنی پڕۆژەی گۆڵد بۆكسە لە عێراق بۆ لە قوتونان و پاكێجینگی كارتۆن. پڕۆژەی گۆڵد بۆكس خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانە بە ژمارە 1123 لە رێكەوتی 2022/4/12.

پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن مەتر دووجای كارتۆنی هەیە لە مانگێكدا و رووبەری پڕۆژەكە 40،350 مەتر دووجایە و، لە ریزبەندی یەكەم لە عێراق و لە ریزبەندی شەشەم لە ئاستی وڵاتانی كەنداو دێت.

پڕۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە قوتوێكی كارتۆنی پیشەسازی و كشتوكاڵی و خۆراكی هەیە، بۆ ئەمەش توانای دەستەبەركردن و بە قوتوكردنی كارتۆنی بۆ تەواوی كارگەكانی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە.

پڕۆژەی گۆڵد بۆكس دەرفەتی کارکردنی بۆ 250 کەس رەخساندووە و نزیكەی 2.5 مێگاوات كارەبا بەكاردەهێنێت.

ئا: لاڤین عومەر