نەتەوەیەکگرتووەکان: رەنگە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جەبالیا وەک تاوانی جەنگ هەژماربکرێت

K24 – هەولێر:

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، رەنگە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جەبالیا، وەک تاوانی جەنگ هەژماربکرێت.

نووسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، راگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی کوژراوانی مەدەنی و قەبارەی وێرانکارییەکانی دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جەبالیا، نیگەرانیی جدییان هەیە، کە رەنگە ئەو هێرشە گشتگیرانە ببنە هۆکاری تاوانی جەنگ.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بەهۆی هێرشێك بۆ سەر کەمپی جەبالیا، نزیکەی 100 کەس کوژران و 150ش برینداربوون.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 31ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، له‌ رێگه‌ی هێرشێكی ئاسمانییه‌وه‌، كه‌مپی جه‌بالیا بۆردومانكرا و تێیدا ئیبراهیم به‌یاری سه‌ركرده‌ی كه‌تیبه‌ی جه‌بالیای سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌ ئامانجگیرا.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژماره‌ی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووەتە‌ 8796 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.