گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە غەززە: بەشی هەرە زۆری هاوكارییه‌كان ئاو و کفنه‌

K24 – هەولێر:

سەلامە مەعرووف گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە غەززە رایدەگەیەنێت، ئەو هاریکارییانەی بۆ غەززە هاتوون، بەشی هیچ شتێک ناکەن و بەشی هەرە زۆری ئاو و کفنه‌.

سەلامە مەعرووف دەشڵێت، ئەو ئاوەی هاتووە ئەگەر بەسەر ئاوارەکان دابەشبکرێت، هەر یەکەیان قومێکیان بەر دەکەوێت و کفنەکانیش بەشی ژمارەی زۆری شەهیدەکان ناکات.

هه‌روه‌ها گوتیشی:  بەشی هەرە زۆری هاوكارییه‌كان لە نێو بارهەڵگرەکاندا هاتوون، ئاو و کفن بوون، کاتێکیش بڕەکەمان پێوانە کرد، بینیمان تەواوی ئەو ئاوەی بۆ کەرتی غەززە هاتووە ئەگەر بەسەر ئاوارەکان دابەشبکرێت کە ژمارەیان یەک ملیۆن و نیوە، ئەوا هەر یەکەیان قومێک ئاویان بە بڕی پەنجا مللیلیتر بەردەکەوێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تەنانەت ئەو کفنانەی هاتووشن، بەشی ژمارەی زۆر ئەو شەهیدانە ناکات کە لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل رۆژ بە رۆژ زیاد دەبن".

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژماره‌ی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووەتە‌ 8796 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.

Fly Erbil Advertisment