بایدن: ئەمەریکا لە کارکردن بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی غەززە بەردەوام دەبێت

جۆ بایدن
جۆ بایدن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، کاردەکەین بۆ رزگارکردنی ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتییانمان لە غەززە. هاوکات گوتیشی: ئەمەریکا لە کارکردن بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی غەززە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (1ـی تشرینی دووەمی 2023) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات، ئێمەش پشتگیری ئیسرائیل دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: کاردەکەین بۆ رزگارکردنی ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتییانمان لە غەززە، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەریکا لە کارکردن بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی غەززە بەردەوام دەبێت.

بایدن، گوتی: سوپاسی هاوبەشەکەمان لە ناوچەکەدا دەکەین.

بەرەبەیانی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژماره‌ی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووەتە‌ 8796 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.

"وا بڕیارە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ جارێکی دیکە سەردانی ئیسرائیل بکات"

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی، 3ـی ئەم مانگە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ناوچەکە و پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بلینکن لە سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەش دەکات.

دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەنتۆنی بلینکن دوو جار سەردانی ئیسرائیلی کردووە، لە سەردانەکانیشیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێجگە لە ئیسرائیل، سەردانی ئوردن، قەتەڕ، بەحرەین، سعوودییە، ئیماڕات و میسری کردووە.

سەردانەکەی ئەم جارەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەکاتێکدایە، گرووپی چەکداری ئەنساروڵڵا بە فەرمی شەڕیان دژی ئیسرائیل راگەیاندووە.

بنیامین ناتانیاهۆ: جەنگ لە غەززە بەردەوامە و سوپاکەشمان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، شەڕ لە غەززە بەردەوامە و سوپای ئیسرائیلیش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ناوبراو دەڵێت:شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی سەرکەوتوو دەبن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشدا، لە ئۆپەراسیۆنەکەیان لە باکووری غەززە پێشڕەویان کردووە، بەڵام زیانێکی زۆریش بەر هێزەکانیان کەوتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە (1ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند، "کوژرانی سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە غەززە، سەخت و بە ئازارە. بەداخەوە، سەرکەوتنی گەورە لەناو جەرگەی غەززە باجێکی گەورەی دەوێت، ئێمەش نرخی ئەو باجە دەدەین".

ئاماژە بەوەشکردووە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023)، 12 سەربازی ئیسرائیل کوژراون، چوار سەربازی دیکەش بەسەختی برینداربوون.