وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ژمارەیەک کارمەند بەهۆی لێدانی گۆرانیەک لەسەر سەدام سزا دەدات
K24 - هەولێر
پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە کارمەندانی کۆمپانیای گشتی رێنیشاندەری ئاسمانی عێراق ئاهەنگ دەگێڕن و گۆرانییەکیان لێداوە لەسەر سەدام حوسێن، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق فەرمانی کرد دەست بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکرێت.
لە نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقدا کە لە 1ـی تشرینی دووەم دەرچووە و تێیدا هاتووە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەسەرۆکایەتی "حازم رازی لەفتە حەفازی" بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری کارگێری و ئەندامانی لیژنە "یەعقوب حوسێن سالم، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی، عەلی حیل عابد، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری وەزارەت پێکدەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو ئاهەنگە کە لە کۆمپانیای گشتی رێنیشاندەری ئاسمانی بەڕێوەچوو.
لەنوسراوەکەدا هاتووە، لیژنەکە لێکۆلینەوە لەو ئاهەنگە دەکات، کە لە کۆمپانیای گشتی رێنیشاندەری ئاسمانی عێراقدا ئەنجامدراوە، هەروەها لیژنەکە لێکۆڵینەوە و راسپاردەکان دەخاتە بەردەم وەزیری گواستنەوەی عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک تۆمەتباریان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووە.