بڕێکی پارەی مووچەخۆران گەیشت

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ بڕێک لە 700 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆران گەیشتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە رۆژی یەکشەممە تەواوی بڕەکەی دیکەش رەوانە بکرێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/11/2023، 200 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: "رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 500 ملیار دیناری دیکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی".
ئەمە لە کاتێکدایە ناردنی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە ئەم مانگە دواکەوتووە و رۆژی شەممە 28/10/2023، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو: "بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت".
بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، دەبێ مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت تا ئەوکاتەی پشکی هەرێم لە مووچەی گشتی عێراق رەوانە دەکرێت.