بەرهەمی خورمای قەسری شیرین دەتوانێت پەرە بە ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات

خورمای قەسری شیرین بە "زێڕی شیرین" ناوبانگی هەیە، بەرهەمی شارۆچکەی قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشانە، بە گوتەی بەڕێوبەری کشتوکاڵی شارۆچکەکە ئەم بەرهەمە پەرە بە ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لە پارێزگاکە دەدات، دەشڵێت: خورماکە کوالێتی ئەوەندە بەرزە دەکرێت ببێت بە براندێکی جیهانی، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پیشەسازی گونجاو، بە خاوی دەفرۆشرێت.
شارۆچکەی قەسری شیرین بە پانتایی 550 مەتری چوارگۆشە، لە باکوور و ڕۆژئاوای عێراق و باشوری پارێزگای ئیلام و خۆرهەڵاتی شارۆچکەی سەرپێڵ زەهاو و گیلانغەرب هەڵکەوتووە، ئەمەش وایکردووە ڕێڕەوێکی باش بێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ڕەزا خوسرەوی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەسری شیرین دەڵێت، تایبەتمەندی کەشوهەوای پارێزگای کرماشان وایکردووە، پارێزگاکە وەکو ناوەندێک بۆ کشتوکاڵی بناسرێت و بەرهەمەکانی لە ناوچەکەدا ناوبانگیان هەبێت، تایبەتترینیان بەرهەمی خورمای قەسری شیرینە.
دەشڵێت، کێشەی نەبوونی سەنتەرێکی پیشەسازی لە پارێزگاکە، هۆکارە بۆ ئەوەی جووتیاران و باخدارەکان خورماکەیان بە قازانجنێکی کەم بە کڕیاران بفرۆشن.
ڕەزا خوسرەوی ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە سەدا30ـی بەرهەمی خورمای قەسری شیرین هەناردەی وڵاتی عێراق دەکرێت، دەشڵێت: ئەو بەرهەمە ڕۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی داهاتی جووتیاران، ئابووری شارەکە و هەناردەکردنی بەرهەمی نانەوتی هەیە.
خوسرەوی گوتیشی: قەسری شیرین ئەگەر لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە سەرنجی زیاتری بخرێتە سەر، بە هۆی کەشوهەوای تایبەت، خاکی بە پیت و ئەزموونی چەندین ساڵەی جووتیاران دەکرێت بکرێتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی خورما لە ناوچەکەدا.