پاپای ڤاتیکان: دەبێت ئیسڕائیل شەڕ ڕابگرێت و حەماسیش بارمتەکان ئازاد بکات

پاپا لیۆی چواردەهەم دەڵێت: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەنگاوی گرنگ نراوە بۆ گەیشتن بە ئاشتی ، داواکارم هەرچی زووە شەڕی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕابگیرێت، بارمتەکانی ئیسرائیلیش لە لایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن.

پاپا لە کۆتایی مەراسیمی ڤاتیکاندا ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو پەری مەترسیدا بەرەو پێشچوونی گەورەی  بە خۆوە بینیوە بۆ گەیشتن بە پڕۆسەی ئاشتی کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە پێشنیاز کراوە، بۆیە هیوادارم بە زووترین کات ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت.

قسەکانی پاپا لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندبوو، ئامادەن سەرجەم ئەو بارمتانەی لە لایانە ئازادیان بکەن و کەرتی غەززەش ڕادەستی دەسەڵاتی خۆجێیی بکەنەوە، کە ئەمەش یەکێک بوو لە خاڵەکانی پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە. 

پاپا گوتیشی: داوا لە هەموو بەرپرسان دەکەم بەشداربن لەم پڕۆسەیە بۆ ئەوەی شەڕ ڕابوەستێت و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن، لە پێناو هێنانەدی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.

ئاماژەی بەوەشدا، دڵگرانن لە هەبوونی ڕق و کینە بەرانبەر بە جووەکان لە جیهاندا، هەروەها نیگەرانن لەو بارودۆخەی خەڵکی فەڵەستین و بە تایبەت کەرتی غەززە پێیدا تێپەڕدەبێت.

سەبارەت بە ڕووداوەکەی پێنج شەممەی ڕابردوو کە لە شاری مانشستەری بەریتانیا هێرش کرایە سەر کەنیشتێکی جووەکان، بە هۆیەوە دوو کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، پاپا ڕووداوەکەی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوبرد و سەرکۆنەی هەر جۆرە کارێکی لەو شێوەیەی کرد.

 
Fly Erbil Advertisment