لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر لە سنووری بانە کوژراون

ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «سارداو» کوژراوە، کە ئەمە دەبێتە سێیەمین کۆڵبەرە لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لەو سنوورە کوژرابێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، مەهدی شەریفی، تەمەن 40 ساڵ، باوکی یەک منداڵ و دانیشتووی گوندی «کانی سێو» سەر بە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچەی سنووریی «سارداو» کوژرا.

ئەو ڕێکخراوە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەو کۆڵبەرەیان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەخت کردووەتە ئامانج.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "تەرمی مەهدی شەریفی بۆ یەکێک لە ناوەندەکانی چارەسەری بانە گواستراوەتەوە و تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بە گوێرەی ئامارە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر بەناوەکانی قاسم عەزیزی تەمەن 43 ساڵ و باوکی دوو منداڵ، ڕێبوار محەممەدزادە تەمەن 38 ساڵ و باوکی دوو منداڵ و مەهدی شەریفی تەمەن 40 ساڵ و باوکی یەک منداڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

مەهدی شەریفی

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment