ئیسرائیل: ئێمە لەشەڕێکی قورسداین

K24 - هەولێر

سەرۆکی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل، پەیامێکی ئاراستەی سەرکردە و سەربازانی ئیسرائیل کرد و دەلێت، ئێمە لە شەڕێکی قورسداین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2023، هێرزی هالیڤی، سەرۆکی هیزەکانی بەرگری ئیسرائیل، لە پەیامێکدا بۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، " ئێمە لە شەڕێکی قورسداین، شەڕێکی سەخت و بە ئازارە، بەڵام پێویستە".

رۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رێژەی سەربازە کوژراوەکانی لە بەرزبوونەوەدایە، لە چەند کاتژمێری رابردوودا بۆتە 16 سەرباز .

لە هەمانکاتدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پلاتفۆڕمی ئێکس"تویتەری پێشوو"، بڵاوی کردەوە، ئێمە لەشەڕێکی سەختداین و شەڕێکی درێژخایەن دەبێت، سەرکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە، بەڵام لەدەستدانیش بە ئازاردەبێت".

بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023وە، تائێستا نزیکە 331 سەربازی ئیسرائیل لە شەڕی کەرتی غەززە کوژراون.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژماره‌ی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووەتە‌ 8805 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.

Fly Erbil Advertisment