پێنتاگۆن: ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق و ناوچەکە دەیکەین
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە ناوچەکە دەیکەن و جەختی کردەوە، هێزەکانی ئەمەریکا بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراقن و لەسەر داوای فەرمی ئەو وڵاتە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئێران نایەوێت ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بمێنن و میلیشیاکانیش هەوڵدەدەن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان شەڕی غەززە فراوان بکە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن لە بارەی ئەگەرەکانی فراوانبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، میلیشیاکان دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان شەڕی غەززە فراوان بکەن.
پات رایدەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا هەرچی پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا دەیکات و ئامادەی وەڵامدانەوەشن.
هەروەها گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختی کردەوە، لەسەر داوای فەرمی حکومەتی عێراق، هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتە ماونەتەوە، بەڵام ئێران نایەوێت هێزەکانیان لە ناوچەکە بمێنێتەوە، هەرچەندە ئەو هێزانەی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە عێراقن.
ئەو لێدوانانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کاتێکدا هات کە رۆژ دوای ڕۆژ هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق و ناوچەکە زیاد دەکات.
رۆژی (28 تشرینی یەکەمی 2023) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و کۆگای هێزەکانی چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەناو خاکی سووریا رایگەیاند "واشنتن ئامادەیە رێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان".
به گوێرهی زانیارییهكان، ئهمهریكا له چوارچێوهی هاوپهیمانیەتی نێودهوڵهتی دژی داعش، 900 سهربازی له سووریا و 2500یشی له عێراق ههن.
رۆژی (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق 13 جار هێرشیانکردووەتەسەر هێزەکانمان، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، "هێزەکانمان لە سووریا چوار جار رووبەڕووی هێرشکردن بوونەتەوە".
هەروەها رۆژی (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە میانەی گوتارێکدا رایگەیاند، لە رێگەی سێ درۆنەوە هێرشکرایە سەر عەین ئەسەد، هاوکات لە هێرشەکەدا چەند کەسێک بە سووکی برینداربوون.
رۆژی (26ـی تشرینی یهكهمی 2023) رۆژنامهی واشنتن پۆستی ئهمهریكی بڵاویكردهوه، جۆ بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا بیر له لێدانی گورزێك له گرووپه چهكدارهكانی سهر به ئێران دهكاتهوه كه له عێراق و سووریا هێرش بۆ سهر هێزهكانی وڵاتهكهی ئهنجام دهدهن.
بنكهی سەربازی عەین ئەسەد، گهورهترین بنكهی سەربازییە لە عێراق، 64 كیلۆمهتر له باكووری بهغداوە دووره، له دهیهی ههشتاكانی سهدهی رابردوودا كۆمپانیایهكی یۆگسلافی درووستیكردووه، 39 ژێرزهمین و پهناگهی پتهوی بۆ پاراستنی فڕۆكه تێدایه، له سهردهمی شهڕی ههشت ساڵهی عێراق و ئێراندا چالاكترین بنكهی ئاسمانی عێراق بووه.
ئامادەکردنی/ کارزان حەیدەر