نەتەوە یەکگرتووەکان: کەرتی غەززە پێویستی بە 1.2 ملیار دۆلار هەیە

K24 - هەولێر

بەپێی ئاماری نووسینگەی هەماهەنگی کارە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA)، نەتەوە یەکگرتووەکان پێداویستییە مرۆییەکانی کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوای بە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار خەملاندووە تا کۆتایی ساڵی 2023.

ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "تێچووی دابینکردنی پێداویستییەکانی 2.7 ملیۆن کەس، واتە تەواوی دانیشتوانی غەززە و 500 هەزار کەس لە کەناری رۆژئاوا، بە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت"، دەشڵێت: ئەو بانگەوازەی کە بۆ کۆکردنەوەی پارە لە 12ـی تشرینی یەکەمەوە کراوە بەس نییە.

رێکخراوەکە لە سەرەتادا داوای 294 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری کردووە، بۆ پشتگیریکردنی نزیکەی 1.3 ملیۆن کەس.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دۆخەکە تادێت نائومێدتر دەبێت، هەروەها بانگەوازە نوێیەکە پێداویستییەکانی دەستنیشان کردووە وەک، "خۆراک، ئاو، چاودێری تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوون، پاکوخاوێنی و پێداویستییە بەپەلەکان".

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە بەخشەرەکان کرد کە پارەکان دابین بکەن، چونکە توانای ئێمە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتوانی فەڵەستین پەیوەستە بە دابینکردنی بودجەی پێویست.

کاروانی هاوکارییەکان لەرێگەی دەروازەی رەفەحەوە دەچێتە کەرتی غەززە