ئیسرائیل بۆ ئاگربەست مەرجی هەیە
K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، حکومەتەکەی دژایەتی هەر جۆرە ئاگربەستێکی کاتی لە غەزە دەکات، تا ئەوکاتەی حەماس هەموو ئەو بارمتانە ئازاد نەکات کە لەژێر دەستیدایە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتەکەی دژایەتی هەر جۆرە ئاگربەستێکی کاتی لە غەزە دەکات، تا ئەوکاتەی حەماس هەموو ئەو بارمتەنە ئازاد نەکات کە لەژێر دەستیدایە، گوتیشی: بەردەوام دەبین لە رێگریکردن لە هاتنی سووتەمەنی بۆ غەززە.
ناتانیاهۆ لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "ئیسرائیل ناڕەزایەتی دەربڕیوە بۆ ئاگربەستێکی کاتی کە ئازادکردنی هەموو بارمتەکانمان لەخۆنەگرێت، رێگە نادەین سوتەمەنی بچێتە ناو کەرتی غەزە و ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر گواستنەوەی پارە بۆ کەرتی غەززە".
لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند: "ئەمەریکا پێی وایە هەوڵەکان بۆ هاتنە ژوورەوەی هاوکاریی مرۆیی و ئازادکردنی بارمتەکان بە ئاگربەست ئاسانکارییان بۆ دەکرێت".
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 29 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی غەززەش، زیاتر لە نۆ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 32 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لە بەرامبەردا، زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراون لە کۆی ئەو ژمارەیەش 350 کەسیان سەربازی سوپای وڵاتەکەن و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراو.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
ئا: لاڤین عومەر