وەزیری دەرەوەی عێراق: دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی هیچ وڵاتێک ناکەین

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، وڵاتەکەی لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی هاوبەش" پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتان دروست دەکات و دەڵێت، دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی هیچ وڵاتێک نەکردووە و نایکەن.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 04-11-2023، حەوتەمین کۆنگرەی باڵیۆزانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە بەغدا بە دروشمی "دیپلۆماسییەتی عێراق – پەیوەندیی نێودەوڵەتیی هاوسەنگ و گەشەی ئابووریی بەردەوام" دەستیپێکرد.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە؛ رایگەیاند، عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دروست دەکات و سیاسەتیی دەرەوەی وڵاتەکە رەنگدانەوەی سیاسەتیی ناوخۆیە.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، "کابینەی ئێستای محەممەد شیاع سوودانی، بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، کردووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەت" و جەخت لەوە دەکاتەوە، "عێراق دەستوەردان لە کاروباریی ناوخۆیی هیچ وڵاتێک ناکات و دەمانەوێت پەیوەندیی باشمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەبێت".

فوئاد حوسێن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شەڕی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیل کرد کە ماوەی زیاتر سێ هەفتەیە بەردەوامە و دووپاتیکردەوە، "بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و دوورخرانەوەی وڵاتەکە لە هەر شەڕ و ئاڵۆزییەک، لە کارە پێشینەکانی حکومەتی ئێستای عێراقە".

هەر لەبارەی شەڕەکە، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک مەترسیی لە دوای شەڕەکە دروستبوون، لەوانەیە ناوچەکە بەرەو جەنگێکی نوێ ببەن؛ بۆیە بۆ ئاسایشی هاوبەش، پێویستیمان بە کاری هاوبەش هەیە".

وەزیری دەرەوەی عێراق بە پێویستی دەزانێت، "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە رابگیرێن" و دەڵێت، "هەڵوێستی عێراق لەبارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل نەگۆڕە". فوئاد حوسێن جەختیشی لەوە کردەوە، "عێراق پشتیوانی لە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەڵەستین دەکات".