سوپای ئیسرائیل ئاماری سەربازە کوژراوەکانی ئاشکرا کرد
K24 - هەولێر
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا لە شەڕی کەرتی غەززە 345 سەربازیان کوژراوە.
لە راگەیەنراوێکدا سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، "لەگەڵ ئەوەی هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەززە، بە چڕی بەردەوامە، دوێنێ 4/11/2023، چوار سەربازمان کوژرا، بەمەش کۆی ژمارەی سەربازە کوژراوەکان لەو شەڕەدا گەیشتە 345.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس "تویتەری پێشوو" کورتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "حەماس رێگری دەکات لە گەیشتن بە خەڵکی مەدەنی لە باشووری غەززە، بەڵام خۆی لە ناو تونێلی ئاڵۆزدا حەشار دەدات".
بەگوێرەی نوێترین ئاماری تەندروستی غەززە، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززەی فەڵەستین لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 تا ئێستا گەیشتووەتە نۆ هەزار و 488 کەس، کە سێ هەزار و 900 یان منداڵن و دوو هەزار و 500 یان ئافرهتن و بە لایەنی کەم 24 هەزار کەسیش بریندارن.
به گوێرهی راگهیهندراوی تهندروستی غهززه لە سەدا 70ی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.
ئهوهش خراوهتهڕوو، تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەژێر داروپەردووی باڵهخان رووخاوەکاندا ماون و هەزار و 250 منداڵ بێسەر و شوێنن و بە گشتی لەبارەی دوو هەزار و 200 کەسیش هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ئا: لاڤین عومەر