فوئاد حوسێن و هاوتا ئێرانییەکەی دۆخی فەڵەستینیان تاوتوێکرد
K24 - هەولێر
میدیا فەرمییەکانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویان کردەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، تاوتوێی پێشهاتەکان و دۆخی فەڵەستین و شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و حەماسیان لە کەرتی غەززە کردووە.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشکرد، عەبدوڵڵاهیان رۆژی شەممە، ئاماژەی بە "جووڵە دیپلۆماسییەکان و راوێژکارییەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، لەسەر درێژەی تاوانەکانی جەنگ کە لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ کۆمەڵکوژییە بەکۆمەڵەکانی لە دژی خەڵکی سڤیل و بەتایبەت ژنان و منداڵان ئەنجامی داوە، هەروەها پشتیوانی بەرفراوانی ئەو چەکانەی کە ئەمەریکا پێشکەشی ئیسرائیل دەکات" ئەمەشی بە هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی دۆخی ئێستای ناوچەکە وەسف کرد.
هەر لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، " گومان لە فراوانکردنی مەودای جەنگەکەدا نییە، لە بەرامبەر زیادبوونی هێرشەکان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە."
لە بەرامبەردا فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە "پێویستی هەڵوێستی یەکگرتوو و هەماهەنگ لە لایەن وڵاتانی ئیسلامی بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی فەڵەستین و راگرتنی هێرشەکان و رێگرتن لە فراوانبوونی شەڕ کردەوە".