میدیا حوسێن: نەبوونی گرووپێكی موزیكی تایبەت بەخۆم منی گونجاندووە لەگەڵ فرە ستایلیدا

K24 - هەولێر

هونەرمەند میدیا حوسێن خاوەنی دەیان گۆرانی هۆنراوەیە، ماوەی 40 ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكات، لەم گفتوگۆیەدا بۆ كوردستان 24، دەڵێت: تا لە ژیاندا بێت خزمەتی هونەری كوردی دەكات.

كوردستان24: باسی دەنگێكی رەسەن و وێسگەكانی كاروانی هونەریت لەنێوان رەسەنایەتی و هاوچەرخ بووندا بكەیت؟

میدیا حوسێن: هەڵبەت هەموو كایەكانی ژیان بەپێی هەلوومەرج و گۆڕانكاریەكانی زەمان و مەكان داهێنان و فەلسەفە و هونەر و ئەدەب و سیاسیەت و بوارە كۆمەڵایەتیەكان گۆڕانی بەسەردا دێت.هەڵبەت منیش كەسێكم لەنێوان هونەری كلاسیك و هاوچەرخ لەو كاروانە بەردەوامم. گۆڕانكاری بەسەر ژیان و تێڕوانین و دونیابینی منیشداهاتووە تا هونەركەم بە ئاڕاستەی هاوچەج بوون ئاڕاستە بكەم بگونجێم.

كوردستان24: هۆكاری گونجاندنی دەنگت لەگەڵ ئاوازی هەمەڕەنگ و موزیكی هەمە جۆردا بۆچی دەگەڕێتەوە؟

میدیا حوسێن: هەندێك لە هۆكارەكان لەو دیوی بازنەی ئیرادەی خۆمەوەیە، وەك گۆرانیبێژێك، كە بانگهێشت دەكرێم بۆ بۆنەیەك یان بۆ تیڤیەك یان بۆ ستەیجێك دەبێت لەگەڵ سرووشتی ئەو گرووپە میوزیكیەدا بگونجێم كەشێوازیی مۆسیقا و ئامێر و  تاستایلیان، كە چۆنە، واتە دەبێت لە هەموو جۆرە بەرهەمێكم لەئاواز و ئەداكردنەوە ئامادەكردبێت بۆ هەر بۆنەیەك، چونكە بۆ خۆم وەك گرووپێكی فەرمی تیپێكی موزیسیانی خۆم نییە، بۆیە گونجاوم لەگەڵ فرە ستایلیدا.

كوردستان24: کتێبەکەت چی بەسەرهات؟

میدیا حوسێن: لە 2004 كۆمەڵێك شیعر و تێكستم لە دوو تووێی جیادا بڵاوكردەوە بەناونیشانی (باڵندە كۆچەریەكان) هەڵبەت دواتر نامیلكەیەكم بڵاوكردەوە بۆ تراژیدیای مەرگەساتی هونەرمەند جەمال كۆچەر و هونەری كوڕی، كە بەناوی (بەفر و كۆچ) نووسیومەو بڵاومكردووەتەوە.

كوردستان24: كۆچی ناوادەی هاوڕكانت بە گشتی و شاعیر و هونەرمەندەكان بە تایبەت بۆشایان لەژیانتدا بەجێهێشتووە؟

میدیا حوسێن: بەداخەوە نەك تەنیا بۆشای برینێكی قوڵی ساڕێژ نەبوون لە دڵ و هەناوی مندا بەتایبەت كۆچی هونەرمەندان عەتا چاوشین و سابیر كوردستانی جەلال سەعید و هادی محموود عیرفان ئەحمەدی هۆزانڤان محەممەد عومەر عوسمانی شاعیر، سڵاح محەممەد.

كوردستان24: كاروانی دەیان ساڵەی ئەدەب و هونەرت بەكوێی گەیاندویت؟

میدیا حوسێن: كاروانێكی بێوچانە ئێمە رێبواری رێگای ئەو ڕێبازەبین نازانین دوا قۆناغ و دوا مەنزڵمان بەكوێ دەگات و چیمان بەسەردێت و بە چیمان دەگەیەنێت، بەڵام هێندە دەڵێم من وەك ئەو پیاوە ئاینیانەی خۆیان لەپەرزگا و لەمزگەوت و كڵێسادا دەهێڵنەوە لە پێناوی خودادا من لە ڕێگەی ئەدەب و هونەری گەلەكەمدا خۆم تەرخانكردوە تا لەژیاندا بم بەردەوام دەبم لەخزمەتكردنی هونەری كوردی.

كوردستان24: بەرهەمەكانت زۆرن بەڵام بە تەنیا كلیپتان بۆ كردووە؟

میدیا حوسێن: من هەر ئەوەندەم لەسەرە لەسەر خەرجی خۆم ئەو بەرهەمەی لەدایك دەبێت بیگەیەنمە ستۆدیۆكان و ژەنیارەكانی لێ كۆبكەمەوە و تۆماریی بكەم، ئەوە بژێوی ماڵ منداڵ و تایبەتمەندیەكانی خۆمن لە ڕێگەی ئەدەب و هونەردا خەرجی دەكەم ئەگەر هەر بەرهەمێكم كلیپی بۆبكەم، ئایا ماڵ و منداڵ دەژین؟

كوردستان24: هاوكاری زۆرێك لە هونەرمەندانت كردووە بە ئاواز و تێكست؟

میدیا حوسێن: هەندێكیان ئارەزوومەند بوون پەیوەندییان لەگەڵ گرتووم داواكاربوون بە بەرهەمێك دەستگیرۆیان بكەم و هۆنراوەیەك یان ئاوازێك یان گۆرانیەكیان پێشكەش بكەم هەندێكیان هونەرمەندێكی بە ئەزموونن و هونەرمەندێكی ناودار و بەتوانان تێكستی منیان كردوەتە بە گۆرانی و ئاوازیان بۆ داناوە دەتوانم بڵێم هەندێكیان گرنگی زیاتریان بە تێكستەكەی من داوە ئەگەرچی هەندێك كەموكوڕی و دەستكاریان لەسەر تێكستەكە كردووە، بەڵام نەبووەتە كێشە و پەیامەكەی منیان گەیاندووە لەو هونەرمەندە سەركەوتوانەش بورهان مەجید و كەمال محەممەد.

كوردستان24: تەمەنێكت بەخشی بەهونەر و ئەدەبی گەلەكەت ئایا نەتەوە و نیشتمان هیچیان بەتۆ بەخشیوە؟

میدیا حوسێن: نەتەوە ئازادی رەهای لێ زەوت كردووم و  نیشتمان داوایی بەخشیشی زیاترم لێدەكات دەمەوێت بەم چوارینە كۆتایی بە قسەكانم بهێنم.

لەوەتەی هەم یاخیەكی چیا و چۆڵم

لەوەتەی هەم رێبوارێكی كۆڵ بە كۆڵم

كە من دایم دەركراوبم لە خاكی خۆم

یان نیشتمان زڕدایكە یان من زۆڵم.