مەحمود عەباس هۆشداری دەداتە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر
لە میانی سەردانێکی رانەگەیەندراودا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە شاری رامەڵڵا لە کەرتی رۆژئاوا، لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین کۆبووەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی بلینکنە بۆ کەناری رۆژئاوا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە.
نەبیل ئەبو ردینە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی فەڵەستین رایگەیاند، مەحمود عەباس بلینکنی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست بکرێت و رێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بچێتە ناو کەرتی غەززە.
عەباس هۆشداریشیدا لە ئاوارەبوونی گەلی فەڵەستین بۆ دەرەوەی غەززە، گوتی: "ئێمە بە یەکجاری ئەوە رەتدەکەینەوە".
راشیگەیاند: کەرتی غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە وڵاتی فەڵەستین، ئێمەش لە چوارچێوەی چارەسەرێکی سیاسی گشتگیر بۆ هەردوو کەرتی رۆژئاوا و قودسی رۆژهەڵات و کەرتی غەززە، بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ دەگرین.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دا لە بەرامبەر "ئاوارەبوونی زۆرەملێ"ـی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە و جەختیشی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بۆ بەرزراگرتنی کەرامەت و ئاسایش بۆ فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان.
بلینکن جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی و دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە کەرتی غەززە، هەروەها گوتیشی: "پێویستە ئەو کردەوە توندوتیژیانەی کە لەلایەن توندڕەوەکانەوە دژ بە فەلەستینییەکان لە کەناری رۆژئاوا ئەنجام دەدرێت رابگیرێت".
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، کە بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن: نزیکەی نۆ هەزار و 500 فەڵەستینی کوژراون.