یەکەمین پێشانگای "ئارزو یزدانی فر" لە هەولێر بۆ ئافرەتانی کورد کرایەوە

K24 – هەولێر:

پێشانگای 'کچانی کورد لە مێژوودا' بە نمایشکردنی چواردە تابلۆ بۆ هونەرمەندی شێوەکار "ئارزو یزدانی فر" لە گەلەری میدیا لە هەولێر بۆ ئافرەتانی کورد کرایەوه.

لە پێشانگاکەدا هونەرمەند تیشکی خستبووە سەر رۆڵی ئافرەتانی کورد لە مێژوو قۆناغە سەختەکانی ژیان و کۆڵەمەرگی ژنانی کورد لە پێناو بەردەوامی ژیان، بەتایبەت لە لادێکانی کوردستان و ژیان لە نێو کوخ و رەشماڵدا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانیش بوونەتە جێی سەرنجی ئافرەتانی دنیا بە پۆشینی جل و بەرگە رەنگاوڕەنگەکان و وەک جەنگاوەرێکیش رۆڵیان لە پرسە نەتەوایەتییەکاندا بینیووە.

ئەم پێشانگا شێوەکارییە ماوەی چوار رۆژ لە هەولێر بەردەوام دەبێت و بڕیاریشە شێوەکار "ئارزو یزدانی فر" لە کارێکی هاوبەشدا لەگەڵ هونەرمەندانی باشوور جارێکی تر بەشداری لە پێشانگایەکدا بکات، کە لە ساڵی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.

ئارزو یزدانی فر، کچە شێوەکاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تابلۆکانم چووەتە ناو ناخی ژیانی کچانی کورد لە گشت قۆناغەکانی ژیاندا، بەتایبەت لە وەرزەکانی زستان و سەردەمی شۆڕشدا، کە وەک پاکیزەیەکی جوان بوونەتە جێی سەرنجی هەموو جیهان، منیش وەک شێوەکارێک روخساری جوانی ئەو رەگەزەم کێشاوە، کە بەشێکن لە سەرکەوتنەکانی کورد لە گشت قۆناغە جیا جیاکاندا و پێگەیەکی بەهێزیان هەیە لە نێو جومگەکانی حکومەت و ژیانی ئاساییاندا".

ف
ت