ئیدمۆند غەریب: هیچ ئاسۆیەک بۆ راگرتنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس نییە

ئیدمۆند غەریب، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتن
ئیدمۆند غەریب، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتن

K24 – هەولێر:

لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتن، رایدەگەیەنێت، هێرشەکەی حەماس، ئیسرائیلی شۆک کردووە و، حەماس وەک جاران نەماوە و بەهێزتر بووە و چەکی زۆر پێشکەوتووی هەیە. ئاماژەی بەوەشدا، 56%ـی ئیسرائیلییەکان داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دەکەن، هەروەها 52%ـشیان داوای دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەکەن. لەبارەی ئەمەریکاوەش گوتی: زانکۆ کاریگەرەکانی ئەمەریکا داوای گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکەن، هەروەها گۆڕانکاری ریشەیی لە ئەمەریکا بەڕێوەیە.

ئیدمۆند غەریب، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتن، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، ئەم رووداوانەی کە ئێستا روودەدەن هاوشێوەیان نەبووە، چونکە ئەوەی ئێستا لە غەززە روودەدات بە تەواوی جیاوازە، لە ساڵی 1973ـیش شەڕێک هەبووە، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە و جیاواز بووە، چونکە شێواز و هێرشەکانی غەززە بۆ سەر ئیسرائیل فراوانتر بووە، ئیسرائیلیش هێرشەکانی زیاتر کردووە وای کردووە ناوچەکە بکەوێتە ناو ئاگرێكەوە، هەر چەندە هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەم ئاگرە تەشەنە نەکات و دابمرکێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو مەترسییانە هەر ماون.

راشیگەیاند، بەشێوەیەک لە شێوەکان چارەسەریەکانیش خراونەتە روو، بۆ نموونە چارەسەری دوو دەوڵەت و راگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستین خراوەتەڕوو، بەڵام ئەمەش چەند مەرجێکی بۆ دانراوە، بەرپرسانی ئەمەریکا بە هاوکاری هاوپەیمانانیان لە ناوچەکە دەیانەوێت بەشێوەیەک چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، چەندین کۆنفرانسیش بەڕێوەچووە بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە دابمرکێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و هیچ ئاسۆیەکیش نییە بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە دابمرکێتەوە، ئەوەی ئیسرائیل پێداگری لەسەر دەکات بەردەوامی هێرشەکانیەتی، تا ئێستا حەماسیش هیچ جۆرە سازشێکی نەکردووە.

ئەو لێکۆڵەرە دەڵێت: دیپلۆماسیەتی ئەمەریکی شکستی هێناوە، لەلایکی دیکەوە دەبینین میلیشیاکان لە ساڵی 1982 زیاتر دەرکەوتوونە، دەیانەوێت زیاتر خۆیان بسەلمێنن لەژێر باڵ و هەژموونی وڵاتانی دیکە رووبەڕووی ئەو شکستە دەبنەوە، کە ئەمەریکا و سەرۆکەکانی ئەمەریکا رووبەڕووی بوونەتەوە، حوسییەکان هەن لە یەمەن، میلیشیای دیکەمان هەیە لە عێراق و سووریا و لوبنان.

ئیدمۆند غەریب، لەبارەی ئەمەریکاوە ئەوەشی ئاشکراکرد، هەندێک گۆڕانکاری ریشەیی هەیە لە ئەمەریکا لەسەر ئاستی پۆپۆلیستەکان، هەروەها ئەوەی لە ئەمەریکا روودەدات پێچەوانەی سیاسەت و ئیدارەی ئەمەریکایە، دەبینین هەندێک لایەن لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و لەسەر ئاستی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و لەسەر ئاستی پارتەکانیش گوشار دەخەنە سەر ئەمەریکا لەبەرامبەر سیاسەتەکانی، هەموو ئەو گۆڕانکاریانە کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریکا هەیە، لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بینیمان وڵاتانی جیهان پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە، هەر ئەمەش وایکرد وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سێ جار لە ماوەیەکی کەمدا سەردانی ناوچەکە بکات.

ناوبراو روونیکردەوە، گوشارەکانی سەر ئیسرائیل کەم نیین دەبینین ئافرەت دەکوژێت، منداڵ دەکوژێت، نەخۆشخانە و قوتابخانە دەکاتە ئامانج، ئەمەش وایکردووە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا بکات و ئەمەریکا بخاتە ژێر گوشارێکی نێودەوڵەتییەوە، زانکۆ کاریگەریەکانی ئەمەریکا داوایانکردووە ئەمەریکا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، سیاستێک بگرێتەبەر بە ئاراستەی دوودەوڵەت هەنگاو بنێت، وابکات شەقام ئاشت بکاتەوە، هاوکات هەموو دامەزراوە جووەکان لە ئەمەریکا بەتەواوی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن، بەواتەی ئەوەی لایەنی خۆڵەمێشی نەماوە هەموو خۆیان یەکلاکردووەتەوە، هەموو کات خۆپیشاندان دەکەن و دەچنە بەردەم باڵەخانەی کۆنگرێسیش تا ئێستا 400 کەسیان لێ دەستگیرکراون.

هاوکات گوتیشی: لایەنێکیش هەیە بە تەواوی دژی ئەو کارانەی ئیسرائیلە کە دەیکات، دەڵێن نابێت ئیسرائیل بەو شێوەیە سیاسەت بکات بە تایبەتی ئەو جووانەی کە لە ئەفریقا دەژین.

لە درێژەی قسەکانیشیدا ئەو لێکۆڵەرە باسی لەوەکرد، ئەمەریکا لەوانەیە نەتوانێت هەنگاوی کرداری بنێت بۆ راگەیاندنی ئاشتی، بەڵام لە ئیدارەی ترەمپ هەنگاو دەنرا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵام ئەویش نەیتوانی، دانی نا بەوەی ئۆرشەلیم پایتەختی ئیسرائیلە، باڵیۆزخانەشی لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە، ئیدارەکە هەندێک سیاسەتی گرتەبەر کە فەڵەستینییەکانی توڕەکرد، بە گوێرەی سیاسەتەکانی ئەمەریکا دەبوو پایتەختی فەڵەستین رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بێت، بۆیە ئەم سیاسەتەی ترەمپ وایکرد توندوتیژییەکان زیاتر بێت.

لەباری حەماسەوە دەڵێت: دەبینین حەماس بەشێوەکی کاریگەر دەرکەوتووەتەوە، چەکی باشتری هەیە لە جاران، راهێنانی باشترە بەروارد بە چەند ساڵی رابردوو، دەبینین توڕەترە بەراستی هەواڵگری ئیسرائیلی شۆک کرد، بە گوێڕەی دوایین راپرسی لەناوخۆی ئیسرائیل 56%ـی خەڵکی ئیسرائیل دەیانەوێت ناتانیاهۆ واز لە پۆستەکەی بهێنێت، هەروەها 52%ـی داوا دەکەن وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەست لەکاربکێشێتەوە.

ئیدمۆند غەریب، لەبارەی ئەوەی ئاگری ئیسرائیل و حەماس پەل دەکیشێت بۆ عێراق و سووریا؟ گوتی: "ئەمەریکا گوتوێتی هەرکەسێک بیەوێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا بە تووندی وەڵامی دەدەینەوە". ئەمەریکا دەتوانێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، ئەمەریکا زۆر هەوڵدەدات دڵنیابێتەوە کە ئاگری شەڕەکە نەپەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە، ئەمەریکا ئامانجی ئەوەیە وڵاتانی ناوچەکەش رێگری بکەن لە فراوانبوونی شەڕەکە.

ئەو لێکۆڵەرە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمەریکا لە پشتی پەردەوە پەیامی بۆ ئێران ناردووە کە کە نایەنەوێت ئەم شەڕە فراوان بێت، بەڵام ئەمەریکا بەرژەوەندییەکان و هاوپەیمانەکانی خۆیان دەپارێزن، ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیلیش کردووە رێز لە یاسا مرۆییەکان بگرێت، ئەمەریکا کەتووەتە دۆخێکی قورس و شڵەژاوەوە، دوو کەشتی جەنگی ناردووەتە ناوچەکە، چوار هەزار سەربازی خۆی ناردووە بۆ ناوچەکە، فڕۆکەی زۆر پێشکەوتووی ناردووە بۆ ناوچەکە، دەیانەوێت دەرچەیەک بدۆزنەوە بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییەکانیان کە بە بارمتە گیراون، دەیانەوێت لە هەموو لایەکەوە کار بکەن، دەیانەوێت پشتیوانی لە ئیسرائیل بکەن دژی حەماس، هەروەها دەیانەوێت رێگری لە ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیلی غەززە نەکاتە ئامانج.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ 70%ـی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.