ئەمریکا 35 لایەنی سەر بە ئێرانی خستە لیستی سزاکانەوە

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی نوێی ستراتیژیی فشاری زۆرینەدا، بڕیاری دا بە پەکخستنی تۆڕە داراییە سێبەرەکانی ئێران کە ملیارەها دۆلاریان بۆ تاران دابین دەکرد و رایگەیاند، سزایان خستووەتە سەر 35 کەسایەتی و قەوارە کە دەستیان هەبووە لە سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی داهاتە نایاساییەکان بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی تری ناوچەکە.

سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەمریکا کار دەکات بۆ راگرتنی ئەو تۆڕە بانکییە سێبەرانەی کە رێگە بە ئێران دەدەن سزاکان تێپەڕێنێت و داهاتی فرۆشتنی نەوت بگوازێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم تۆڕانە نەک هەر هاوکاریی دارایی سوپای پاسداران دەکەن، بەڵکوو ئاسانکاری دەکەن بۆ کڕینی پارچەی گرنگەکان بۆ دروستکردنی مووشەک و سیستەمی چەک، هەروەها پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەم کەناڵە داراییانە بەشێکە لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ لێپرسینەوە لە تاران و گوتی: "لە کاتێکدا نوخبە گەندەڵەکانی ناو ئێران خەریکی دەوڵەمەندبوونی زیاترن، هاووڵاتییانی ئاسایی ئێران بەدەست داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەیانەوە دەناڵێنن."

ئەم سزایانە لەژێر رۆشنایی فەرمانە سەرۆکایەتییەکانی دەرکراون، کە تایبەتن بە سزادانی ئەو لایەنانەی لە کەرتی دارایی ئێراندا کار دەکەن و پشتیوانیی تیرۆر دەکەن. ئەمە دوایین زنجیرەی ئەو فشارە توندانەیە کە ئیدارەی ترەمپ خستوویەتیە سەر تاران تاوەکو ناچاری بکات دەستبەرداری چالاکییە مەترسیدارەکانی ببێت.

ئەم بڕیارە نوێیەی ئەمریکا ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە واشنتن لە هەوڵەکانی بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران بەردەوامە و هیچ نەرمییەک لە بەرانبەر ئەو لایەنانە نانوێنێت کە هاوکاریی تاران دەکەن لە تێپەڕاندنی سزاکان و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سەقامگیریی ناوچەکە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەو بارەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە، لە چوارچێوەی کەمپەینی "ڕقی ئابووری" (Economic Fury)، سیستەمی بانکی سێبەری ئێران وەک پەتی ڕزگارکردنی دارایی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە کار دەکات. ئەو پارە نایاساییانەی لەم ڕێگەیەوە دەست تاران دەکەون، پشتیوانیی ئۆپراسیۆنەکانی دەکەن و مەترسیی ڕاستەوخۆن بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکا، هاوپەیمانە ناوچەییەکان و ئابووریی جیهان."

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی توندی دایە هەموو بانک و دامەزراوە داراییەکانی جیهان کە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەم تۆڕانەدا "سزای زۆر قورسی" بەدوادا دێت.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینە، بانکە ئێرانییەکان کە لە سیستەمی جیهانی دابڕاون، پەنا بۆ کۆمپانیا تایبەتەکان دەبەن کە بە "رەهبەر" دەناسرێن. ئەم کۆمپانیایانە هەزاران کۆمپانیای وەهمی لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە دەبەن بۆ ئەوەی داهاتی نەوت و کاڵاکانی تری ئێران بگوازنەوە.

سزاکانی ئەمڕۆ چەندین کۆمپانیای گەورەی گرتووەتەوە کە کار بۆ بانکەکانی (مەللی، شەهر، سینا، سپەە، و میللەت) دەکەن. لەوانە کۆمپانیای "فەراب سرووش ئەفاق قەشم" کە داهاتی نەوتی ئێران بۆ دەزگا ئەمنییەکان سپی دەکاتەوە.

یەکێک لە خاڵە جێگەی سەرنجەکان، سزادانی کۆمپانیای (Shuqun LTD)یە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و خاوەندارێتییەکەی بۆ ژنێکی فلیپینی بەناوی جانێلین ئیمپرادۆر دەگەڕێتەوە. ئەم کۆمپانیایە تەنیا لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 70 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی نەوتی خاوی ئێران گواستووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم سزایانە، فەرمانگەی چاودێریی دارایی ئەمریکا (OFAC) هۆشدارییەکی توندی بڵاو کردەوە سەبارەت بە هەر جۆرە پارەدانێک بە حکوومەتی ئێران یان سوپای پاسداران وەک باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز. ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە هەر کۆمپانیا یان دامەزراوەیەک ئەو باجە بداتە ئێران، دەستبەجێ دەخرێتە لیستی رەشی سزاکانەوە.

لە شوباتی 2025ەوە تا ئێستا، ئەمریکا سزای بەسەر نزیکەی 1000 کەسایەتی، قەوارە، کەشتی و فڕۆکەی پەیوەندیدار بە ئێراندا سەپاندووە. ئیدارەی ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی ئەم سزایانە تەنیا سزادان نییە، بەڵکو ناچارکردنی تارانە بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی و دەستبەرداربوونی یەکجاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی ئاسایی ئێران بەدەست داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەیانەوە دەناڵێنن.

هەروەها یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، تۆمی پیگۆت، لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24دا رایگەیاندبوو، هەرچەندە ئاگاداری هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان، بەڵام شکستی بەردەوامی حکوومەتی بەغدا لە رێگریکردن لەو هێرشانە، جێگەی نیگەرانیی قووڵی ئەوانە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا هەندێک لایەنی نێو حکوومەتی عێراقی تۆمەتبار کرد و گوتی: "هەندێک لایەنی پەیوەندیدار بە حکوومەتی عێراقەوە، بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پشتیوانی و پەناگەی سیاسی و دارایی بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق دەبێت و پێویستە حکوومەت دەستبەجێ ئەو گرووپانە هەڵبوەشێنێتەوە.