کوێستان محەمەد: لە کابینەی نۆیەم سێ هێندەی کابینەکانی رابردوو کار بۆ مافی کرێکاران کراوە
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: لە کابیەنی نۆیەمدا، سێ هێندەی کابینەکانی رابردوو، کار بۆ مافی کرێکاران کراوە. جەختیشی لەوە کردەوە، کە هیچ خاوەنکارێک مامەڵەکانی لە فەرمانگە حکوومییەکان بۆ رایی ناکرێت ئەگەر کرێکارەکانی دەستەبەر نەکردبێت.
سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24ـدا، تیشکی خستە سەر پرسی رەخساندنی هەلی کار و رایگەیاند: "لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە، هەلی کار بۆ هەزاران گەنج دۆزراوەتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، لە کابینەی نۆیەمدا سێ هێندەی کابینەکانی رابردوو، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە، کار بۆ مافی کرێکاران کراوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، پۆرتاڵێکی تایبەتمان بە ناوی "کار"، کە گەنجان دەتوانن لە رێگەیەوە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ مەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار، بەمەش توانراوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەزاران گەنج بخرێنە سەر کار."
سەبارەت بە پەرەپێدانی توانای گەنجانیش، کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوە دا، لەم کابینەیەدا چوار سەنتەری نوێی راهێنانی پیشەییان کردووەتەوە، کە تیایاندا گەنجان فێری پیشەی جۆراوجۆر دەکرێن.
راشیگەیاند: "جێگەی دڵخۆشییە کە %30ـی ئەو گەنجانەی لە سەنتەرەکانمان خولی راهێنانیان بینیوە، ئێستا بوونەتە خاوەنی شوێنکاری خۆیان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری کار باسی لە پڕۆژەی (گەشانەوە) کرد و گوتی: "لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا قەرزی نزیکەی 150 ملیۆن دینار بە 20 پڕۆژەی بچووک و مامناوەند دراوە. ئەمڕۆش قۆناغی دووەمی پڕۆژەی گەشانەوە راگەیەنرا، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا قەرزی درێژخایەن دەدرێتە 100 کۆمپانیای دیکەی بچووک و مامناوەند، بە ئامانجی ئەوەی گەنجی زیاتر لە پڕۆژەکانیاندا دابمەزرێنن."
سەبارەت بە پرسی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، کوێستان محەمەد ئامارێکی خستە روو کە زیاتر لە ملیۆنێک کرێکار لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و، هۆشداریی دایە خاوەنکاران کە دەبێت کرێکارەکانیان دەستەبەر بکەن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "مانگانە پێویستە خاوەنکار 12%ـی کرێی کرێکارەکەی بخاتە سەر سندووقی خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی. زۆر شوێنکارمان سزا داوە و داخستووە بەهۆی ئەوەی کرێکارەکانیان دەستەبەر نەکردووە و، داواش لە سەرجەم وەزارەتەکان کراوە کە مۆڵەت نەدەن و بۆیان تازە نەکەنەوە ئەگەر خاوەنکارەکە دەستەبەریی کرێکارەکانی نەکردبێت."
کوێستان محەمەد، داوای لە کرێکاران کرد سوور بن لەسەر ئەوەی کە دەبێت خاوەنکارەکانیان دەستەبەریان بۆ بکەن و ئاماژەی بە سوودەکانی دەستەبەری کرد، کە بریتین لە:
-ئەگەر کرێکار لە کاتی کاردا تووشی پێکان بوو و نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر کار، مووچەی خانەنشینی بە پێی رێژەی پێکانەکەی بۆ دەبڕدرێتەوە.
-ئەگەر کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانی لە دەست دا، مووچەی خانەنشینی بۆ واریسەکەی دەبڕدرێتەوە.
-کرێکار هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی حکوومی، لە کاتی گەیشتن بە تەمەنی یاسایی مووچەی خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە.
-ئەگەر کرێکارەکە مووچەی خانەنشینی نەوێت، دەتوانێت داوای پاداشتی کۆتایی خزمەت بکات، کە بڕە پارەیەکی زۆرە و دەتوانێت پڕۆژەی تایبەتی بە خۆی پێ جێبەجێ بکات.