ناتانیاهۆ: تونێلێکی حزبوڵڵامان تەقاندەوە و دەیان چەکدارمان کوشتووە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە باشوور و باکووری رووباری لیتانی و ناوچەی بیقاع لە لوبنان، گورزی کوشندەیان لە حزبوڵڵا داوە. جەختیشی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە بەردەوام دەبێت.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، توانیمان تونێلێکی گەورەی حزبوڵڵا بتەقێنینەوە. ئێمە خەریکی وێرانکردنی ژێرخانەکانی ئەوانین و تا ئێستا دەیان چەکداری ئەو گرووپەمان کوشتووە، و هێشتا زیاتریش لەبەردەمماندایە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، کە هێزەکانیان لە ناوچەی رێڕەوی ئاسایشی لە باشووری لوبنان، و هەروەها لە باکووری لیتانی و ناوچەی بیقاع لە باکووری ئەو وڵاتە، بە چڕی کار دەکەن بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل نەهێڵن.

ناتانیاهۆ سەرنجی خستە سەر مەترسیی درۆنەکان و گوتی: "من پێش چەند هەفتەیەک فەرمانم داوە بە دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی درۆنەکانی حزبوڵڵا. ئەم کارە کاتی دەوێت، بەڵام ئێمە ئەم مەترسییەش تێکدەشکێنین، هەروەک چۆن سەرکەوتوو بووین لە تێکشکاندنی ئامانجەکانی تریان."

ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەو جەنگەی دژی ئێران و بریکارەکانی دەستی پێکردووە تاوەکوو گەیشتن بە سەرکەوتنی تەواوەتی و دابینکردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی.

هەروەها سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە، هێزەکانیان "دوو تونێلی حزبوڵڵایان دۆزیوەتەوە کە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا دروستکراون." درێژی ئەم تونێلانە دەگاتە دوو کیلۆمەتر و چەندین کون و رێڕەوی جیاوازیان هەیە کە بەو پێگانەوە بەستراونەتەوە کە سەکۆی مووشەکییان لێ جێگیرکراوە و ئاراستەیان لە خاکی ئیسرائیل بووە.