پزیشکێکی دەرمانسازی عێراقی لە ئەڵمانیا، چارەسەری شێرپەنجەی پێست دەدۆزێتەوە
K24 – هەولێر:
ئەسەن عەباس، پزیشکی دەرمانسازی عێراقی دانیشتووی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسێکی عێراقی دەڵێت: دوای هەوڵدانێکی دوو ساڵە، توانیم چارەسەری شێرپەنجەی پێست بدۆزمەوە.
ئەسەن عەباس، پزیشکی دەرمانسازی عێراقی، رایگەیاند، دەرمانێکی دۆزیوەتەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی پێست و دەرمانەکەش لە هەنگوین و چەند ماددەیکی دیکەی سرووشتی و کیمیایی پێکدێت.
لەبارەی توانای دەرمانەکەوە ئەسەن گوتی، لەلایەن لێژنەی تەندروستی ئەڵمانیاوە، دەرمانەکە لەسەر 32 تووشبووی شێرپەنجەی پێست تاقیکراوەتەوە و 28 کەس لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە.
گوتیشی، لە چەندین کۆمپانیای ئەڵمانی بۆ دروستکردنی دەرمان، پەیوەندییان پێوەکردوومە و داوایان لێکردوومە کە داهێنانەکەیان پێشکەش بکەم، لە بەرامبەر بڕێکی زۆر پارە، بەڵام من رەتمکردەوە و دەمەوێت دەرمانەکە بەناوی خۆمەوە بەرهەم بهێندرێت.
دەرمانسازە عێراقییەکە لە کۆتایی قسەکانییدا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، دوای هەوڵدانێکی دوو ساڵی توانی ئەو چارەسەرییە بدۆزێتەوە. هەروەها گوتیشی: کاتێک بینیم ساڵانە کەسانێکی زۆر بەهۆی شێرپەنجەوە گیان لەدەستدەدەن، بۆیە بڕیارم دا کە هەوڵی تەواو بدەم تاوەکو چارەسەرێک بدۆزمەوە.
ئەو باسی لەوەشکرد، کە دەیەوێت ئەو دەرمانە بە نرخێکی گونجاو بفرۆشرێت و بە مافی خۆی دەزانێت کە دەرمانەکە بەناوی خۆیەوە بێت.