دوای 10 ساڵ لە وەستانی؛ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر فێستیڤاڵی خۆی بەڕێوەدەبات

K24 – هەولێر:
دوای 10 ساڵ لە وەستانی چالاکییەکانی، پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر فێستیڤاڵی خۆی بە بەشداری بەشەکانی موزیک، شانۆ و شێوەکاری ئەنجام دەدات.
بەپێی راگەیاندراوی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر، ئەو پلانەی بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە داندراوە، رۆژی دوو شەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) فێستیڤاڵی پەیمانگەکە کاتژمێر 10ـی بەیانی لە گەلەری زانکۆی جیهان، بە کردنەوەی پێشەنگای شێوەکاریی دەستپێدەکات و تاوەکو 15ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
هەر بەپێی راگەیاندراوەکە، رۆژی 14ـی تشرینی دووەم، لە هۆڵی رۆشنبیری هەولێر، بەشی موزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ، چالاکییەکانی بەڕێوەدەبات، رۆژی دواتر لە هۆڵی فەرهاد شەریف لەنێو پەیمانگە، بەشی شانۆ کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ، نمایشە شانۆییەکانی لە دوا ڕۆژی فێستیڤاڵەکە پێشکەش دەکات.
لە ساڵی 1992 چەند مامۆستایەکی هونەرەکانی شانۆ، شێوەکاری و موزیک، پەیمانگەی هونەرەجوانەکانیان لە هەولێر دامەزراند و ئێستا تەمەنی پەیمانگاکە 31 ساڵی تێپەڕاندووە و لەو ساڵانە فێستیڤاڵی خۆی بەڕێوەبردووە، بەڵام ماوەی 10 ساڵە، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و شەڕی داعش و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە، فێستیڤاڵەکە وەستاوە.
وابڕیارە ئەمساڵ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر بە فۆڕم و شێوازێکی جیاواز، دەست بە چالاکی و فێستیڤاڵە هونەرییەکانی خۆی بکاتەوە.

ئا/ کارزان حەیدەر