فێستیڤاڵی کاری دەستی لە قەڵادزێ بەڕێوەدەچێت

K24 - قەڵادزێ

بە‌ به‌شداری 70 خانم، فێستیڤاڵی دەستی لە قەلادزێ بەڕێوەدەچێت، کە هەریەکەیان لە بوارێکدا بەرھەمە دەستییەکانی خۆیان بۆ فرۆشتن نمایش دەکەن.

دیدار ئارام، بەشداربووێکی فێستیڤاڵەکەیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە دروشمی "ژنان پێشەنگن لە داهێنان"، ماڵی رۆشنبیری قەلادزێ، بە پاڵپشتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەری رۆشنبیری راپەڕین، هەستان بە ئامادەکردنی فێستیڤاڵی "پەری"، به‌ به‌شداری 70 خانم کە ھەر یەکەیان لە بوارێکدا، لە پارکی شار لە قەڵادزێ بەرھەمە دەستییەکانی خۆیان بۆ فرۆشتن نمایشکرد.

گوتیشی: "بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بە کاری دەستی خۆیان کە پێکهاتوون لە خواردن، ئێکسسوارات، جلوبەرگ، کاره‌ ھونەرییه‌كانی وێنەکێشان و زۆر بەھرەی تر بەشداریان کردووە، جگە لە نمایشی بەرھەمەکانیان، بەشداربووان لە فێستیڤاڵەکە بەرھەمی دەستی خۆیان دەفرۆشن، تا نیشانی کۆمەڵگەی بدەن ئاخۆ دەتوانن چ رۆڵێک لە پشت بەخۆبەستن و ئابووری خێزان ببینن، بەرھەمەکانی خۆیان ھێناوە نیشانی بدەن.

راشیگەیاند: "فێستیڤاڵەکە تەنھا بۆ نمایش و نیشاندانی بەھرەی ئافرەتان نییە، بەڵکو ھەر لەوێ بەرھەمە دەستییەکانی خۆیان بە کریاران دەفرۆشن و دەیکەنە سەرچاوەیەکی دارایی بۆ خۆیان و خێزانیان".

دیدار ئارام، ئاماژەیدا کە ژمارەیەک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن و لە کەرتی گشتی یان تایبەت دەرفەتی کاریان بۆ نەرەخساوە، بۆیە سوودیان لە توانای کەسی خۆیان وەرگرتووە و ئەزموونیان لە بوارێکدا پەیداکردووە تا لەسەر پێی خۆیان بوەستن.