فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر بەڕێوە دەچێت
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر لە دوای 10 ساڵ نمایشی خۆی ئەنجام دەدات، لە هەرسێ بەشی شێوەکار، شانۆ و میوزیک بە شێوازێکی جیاواز.
رێباز یوسف، سەرۆک بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر، ساڵانە نمایشی بچووکی ئەنجامداوە، چەند ساڵێکە فێستیڤاڵی پەیمانگامان نەکراوە، هۆکارەکەش بۆ بارودۆخی هەرێم دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمساڵ توانیمان ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵ بکەین لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، هەرسێ بەشی میوزیک، شانۆ و شێوەکار چالاکی جۆراوجۆریان دەبێت".
گوتشی: "فێستیڤاڵەکە بە نمایشی بەشی شێوەکاری دەستپێدەکات، بە کۆمەڵێک تابلۆی قوتابیان کە توانیویانە بۆ فێتسیڤاڵەکە ئامادەی بکەن بۆ بینەر، تاکو بزانن پەیمانگای هونەرەجوانەکان ساڵانە لە خوێندن و کرداریدا چی فێردەبێت، ئامانجی چییە کە ساڵێک دەخوێنێت، ساڵانە چەند دەچێتە پێشەوە، تاکو قۆناغی پێنج تا ئەوکاتەی دەردەچێت دەگاتە چ ئاستێک".
رێباز یوسف ئاماژەی بەوەشدا، کارەکان تایبەتن بە قوتابییەکان و کاری خۆیانە کە لەناو پەیمانگە لە وانەی کرداری ئەنجامیانداوە، لە قۆناغی یەکەمەوە تاکو قۆناغی پێنج لەم فێستیڤاڵە بەشدارن.
لە ساڵی 1992 چەند مامۆستایەکی هونەرەکانی شانۆ، شێوەکاری و موزیک، پەیمانگەی هونەرەجوانەکانیان لە هەولێر دامەزراند و ئێستا تەمەنی پەیمانگاکە 31 ساڵی تێپەڕاندووە، لەو ساڵانە فێستیڤاڵی خۆی بەڕێوەبردووە، بەڵام ماوەی 10 ساڵە، بەهۆی پەتای کۆرۆنا و شەڕی داعش و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە، فێستیڤاڵەکە راگیرا بوو.
پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر دەیەوێت ئەمساڵ بە فۆڕم و شێوازێکی جیاواز، دەست بە چالاکی و فێستیڤاڵە هونەرییەکانی خۆی بکاتەوە.
ئا: لاڤین عومەر