کۆنگرێسی لاوانی کورد و لاوانی ئیتاڵیا بە فەرمی بوونە هاوپەیمانی ستراتیژی یەکتر

K24 - هەولێر

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی (ئەلیساندرۆ بەتیلۆچیۆ) سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی فۆرزا ئیتاڵیا لە پەرلەمانی ئیتاڵیا و (لۆدۆڤیکۆ سپیلی) بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی لاوانی دیموکراتی ئیتاڵیا (گیۆڤانی فۆرزا ئیتاڵیا) و فەلاح حەسەن سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد لە دەرەوەی وڵات، بە فەرمی لاوانی ئیتاڵیا پشتگیری و هاوپەیمانی ستراتیژی خۆیان لەگەڵ کۆنگرێسی لاوانی کورد راگەیاند.

فەلاح حەسەن سەرۆک و دامەزرێنەری کۆنگرێسی لاوانی کورد رایگەیاند: پیرۆزبایی لەگەلی خۆمان بەتایبەتی لە گەلی هەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەم هەنگاوە گەورە و سەرکەوتووە، لاوانی سیاسی ئیتاڵیا بوونە یەکەم هاوپەیمانی ستراتیژی ئێمە، ئیتر ئەمە سەرەتایەکە و بەردەوام دەبین لەم شيوازە نوێیەی لۆبی.

کۆنگرێسی لاوانی کورد ( (KYC کە لە ئاداری ساڵی 2020 لە دەرەوەی وڵات دامەزراوە ئامانجیەتی هاوشانی هەرێمەکەمان و حکومەتەکەی کاربکات بۆ بەهێزکردنی لۆبی کوردستانی و زیادکردنی دۆستایەتی و پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێمەکەمان، فەلاح حەسەن دەڵێ: گەلی ئێمە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، بۆیە هەرچەند دۆست و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زیاتر بێت باشترە.

لاوانی سیاسی فۆرزا ئیتاڵیا گەورەترین رێکخراوی سیاسی گەنجانی ئیتاڵیایە و سەر بە پارتەکەی سەرۆکی کۆچکردوویان سێلڤیۆ بەرلسکۆنیە و ئێستا بوونە هاوپەیمانی ستراتیژی کۆنگرێسی لاوانی کورد.