توم بەڕاک: واشنتن لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێنان هاوکاری عێراق دەکات

نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق، پابەندبوونی واشنتنی بە قووڵکردنەوەی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا لە بوارەکانی دادوەری، وزە و وەبەرهێنان بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی پۆستێکی تۆم بەڕاک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕاک لە لەندەن لەگەڵ شاندێکی بەرپرسانی عێراق بە سەرۆکایەتیی فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەتەوە.

نێردەی ئەمریکا روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆیەکی گرنگیان دەربارەی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا کرد. بەڕاک گوتی: "دەرفەتمان لەبەردەستدایە بۆ بنیادنان لەسەر بنەماکانی هاوبەشیی درێژخایەن و کێشانی نەخشەڕێگەیەکی گەورە بۆ داهاتوو؛ لە هاوکاریی دادوەری و بەهێزکردنی سەروەریی یاساوە تا دەگاتە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان، گەشەپێدانی ئابووری، هاوبەشییە دامەزراوەییەکان، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، تواناکان زۆر گەورەن".

بەڕاک بە پێویستی زانی دامەزراوە دادوەرییە بەهێز و سەربەخۆکان و هاوکاریی قووڵتر لەنێوان سیستمە یاساییەکانی هەردوو وڵاتدا، بۆ بنیادنانی متمانە، بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بەکاربهێندرێن.

هەروا دووپاتیشیکردەوە: "پێکەوە دەتوانین یارمەتیدەر بین لە ئازادکردنی تواناکانی عێراق، قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بنیادنانی داهاتوویەک کە بە گەشەسەندنی هاوبەش، دەرفەت و ئاشتیی هەمیشەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو جیا بکرێتەوە". هەروەها رایگەیاند، ئەمریکا بە چاوێکی کراوەوە لە داهاتوو دەڕوانێت بۆ بەردەوامبوون لەم کارە گرنگە لە پاڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان.