شاخەوان عەبدوڵڵا: دەبێت شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت

K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، ناردنی 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی کاتییە، هەرێمی کوردستان شایستەدارایی دیارییکراوی خۆی هەیە دەبێت بنێردرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تەنیا مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان لە 700 ملیار دینار زیاترە و دەمانەوێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ناردنی 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی کاتییە، هەرێمی کوردستان شایستەدارایی دیارییکراوی خۆی هەیە دەبێت بنێردرێت.
پێشتریش شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەرجی راستەقینە جیابکەینەوە و رێگەچارەیەک بۆ سێ مانگەکەی دیکەش بدۆزرێتەوە".
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکردبوو، نزیکەی 120 واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابکرێتەوە، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و، ئەوە دەکەنە پڕۆژەیەک بە مەبەستی ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە.
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "پڕۆژەکە وەڵامدانەوەیەکی باشی هەیە، تەنانەت لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی لەکاتی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەیان بەلاڕێدا برد و ئەم ئەنجامەی لێکەوتەوە. هەموو لایەنێک هاوهەوڵوێستن لەسەر ئەوەی نابێت قوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت و بەرەو هەموارکردنەوەی ئەو بڕگەیە (بڕگەی پەیوەستکردنی مووچەی فەرمانبەران بە ئینفاقی فیعلی) دەچین".