ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیردەکات کە هێرش دەکاتە سەر کەسێک و تۆماری دەکات
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە گرتەڤیدیۆیەکدا دەرکەوێت هێرش دەکاتە سەر کەسێکی دیکە و تۆماری دەکات. ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گرتە ڤیدیۆیە بۆ زیاتر لە ساڵێک بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای تۆمارنەکردووە.
رۆژی دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە کە کەسێک دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییەک و بێڕێزی پێدەکات و رووداوەکەش تۆمار دەکات، دوای بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێک ناسنامەکەی ئاشکرا کرا، بە ناوی (ب. ب. ر.) و لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا".
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوەشکراوە، "لە لێکۆڵینەوەکاندا، دەرکەوت ئەم گرتەڤیدیۆیە بۆ ساڵ و نیوێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا کە هاوڕێی یەکترن و هەر ئەوکاتیش گەیشتوونەتە رێککەوتن و کۆتاییان بە کێشەکانی نێوانیان هێناوە".
ئاسایشی هەولێر جەختی لەوەکردووەتەوە، لەو ماوەیەوە تا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای تۆمارنەکردووە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار.
هەروەها ئاسایشی هەولێر داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کاتێک زانیارییەکیان بەدەست دەگات، لە سەرچاوەی زانیارییەکە دڵنیاببنەوە و رایەگیاندووە، "پێویستە لە حاڵەتی لەوجۆرە لە رێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە، زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە تاوەکو لە راستی و دروستی بابەتەکان دڵنیاببنەوە و نەکەونە هەڵەی میدیایی و یاساییەوە و متمانەی خۆیان لەدەست نەدەن، هاوکات نەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و دووپاتی دەکەینەوە هیچ کەسێک لە یاسا بەرزتر نییە".