بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس وەڵامی کوردستان24 دەدەنەوە

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا؛ وەڵامی کوردستان24 دەدەنەوە
بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا؛ وەڵامی کوردستان24 دەدەنەوە

K24 – برۆکسل:

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیان لە برۆکسل لە بارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و دۆخی غەززە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 دەدەنەوە، جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، حەماس خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکان وەک قەڵغان بەکاردەهێنێت و بە توندی ئیدانەی دەکەن. لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فینلاند داوای هەموو رێگەیەکی گونجاو دەکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە. وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: "دەبێت کێشەی ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان چارەسەربکرێت، بەمەش ئاسایشی ئیسرائیل دەپارێزرێت".

ئەمڕۆ دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) کۆبوونەوەی بەرپرسانی یەکیتی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕێوەچوو. ئەجێندای کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا و گفتوگۆی ئاشتی نێوان ئەرمینیان و ئازاربایجان.

جۆسێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند، ئێمە راگەیاندراوێکی هاوبەشمان دەبێت و هەر 27 وڵاتی ئەندام تێیدا بەشدارن و داوای ئاگربەستی مرۆیی دەکەین.  گرنگە بەزووترین کات ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە راگەیێندرێت و، رێڕەوی مرۆیی بکڕێنەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا داوا لە ئیسرائیل دەکات گیانی خەڵکی سڤیل بپارێزێت. گوتیشی: حەماس خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکان وەک قەڵغان بەکاردەهێنێت، ئەوەش ئیدانە دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر نیگەرانین لەوەی بۆردومانی نەخۆشخانەکان دەکرێت و خەڵکی لە دۆخیکی خراپدان و جارێکی دیکەش دووپاتیدەکەینەوە، دەبێت ئاگربەستی مرۆیی راگەیەندرێط، چونکە خەڵکی غەززە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

ئێلینا ڤاڵتۆنین، وەزیری دەرەوەی فینلاند لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە داوای هەموو رێگەیەکی گونجاو دەکەین، کە یارمەتی ئەو دۆخە مرۆییە کارەساتبارەی غەززە بدات، جا ئاگربەستی مرۆیی بێت یان کردنەوەی ریڕەوی مرۆیی.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "لە سەرەتاشەوە گوتومانە ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەدا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵکو دەبێت پابەندی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانیش بێت، ئێمە ئیدانەی حەماس دەکەین لە بەرامبەر ئەوەی خەڵکی سڤیل وەک قەڵغان بەکاردەهێنێت".

لەلایەن خۆیەوە خۆسێ مانوێل ئەلبارێز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: 38 رۆژە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، نزیکە 13 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون، هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتایهاتنی شەڕەکە نییە، یەکێتی ئەوروپاش چاوی لەوەیە ئاگربەستی مرۆیی راگەیەندرێت و رێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی سڤیلی غەززە بکرێتەوە.

پێشتریش لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، رووسیا و ئۆکرانیا. ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە بەڕێوەچووبوو، کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی دوو رۆژی خەیاندبوو.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە تاكو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.

راگه‌یاندنی حكومه‌ت له‌ غه‌ززه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ژمارەی کوژراوان به‌هۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، گەیشته 11 هەزار و 240 کەس، كه‌ 4630 منداڵ و 3130 ئافرەتن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، تاكو ئێستا 51 رۆژنامەنووس له غەززه کوژراون.حكومه‌ته‌كه‌ی غه‌ززه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌وه‌ته‌ی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ تاكو ئێستا، 21 کارمەندی بەرگری شارستانی کوژراون.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، له بۆردومانەکانی ئیسرائیل 198 کارمەندی تەندروستی کوژراون، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ 94 باڵه‌خانه‌ی حکومی، 253 قوتابخانه، 71 مزگەوت و 3 كڵێسا وێران بوونه‌.