کۆنفرانسی "کوردستان بزنس لۆبی" له هەولێر بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 14/11/2023، لەژێر چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، کۆنفرانسی "کوردستان بزنس لۆبی" لە هەولێر دەسیپێکرد.

بەگوتەی سەرپەرشتیارانی کۆنفرانسەکە، مەبەستی لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفرانسە بەهێزکردنی لۆبی بازرگانییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هاوکات گفتوگۆ دەکرێت لەسەر پرسەکانی ئابووری، بازرگانی، دەرفەتەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، هیواخوازن گفتوگۆکانی ئەو کۆنفرانسە وەڵامدەرەوەی هەموو گرفت و لەمپەرەکان بن، لەپێناو پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، هاوبەشی پێکردنی کەرتی تایبەت لەگەڵ کەرتی گشتی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها دیدگا و تێروانینەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەخشەڕێژکردن و جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە هەیە.

راشیگەیاند، دەرفەت رەخساندن بۆ پیشەوەر و بازرگان و کۆمپانیا ناوخۆییەکان و زەمیینە خۆشکردن بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزی ئابووری هەرێمی کوردستان.

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند، ئەو جۆرە کۆنفرانسانە دەبێتە بەشێک لە بەرچاو روونی زیاتر و گفتوگۆی زیاتر لەنێوان حکومەت و خاوەن کارەکان، کە زەمینەی دیکە لە بواری وەبەرهێنان لە ئارادان، بەڵام ئەو جۆرە کۆنفرانسانە هۆکارێکی دیکە بۆ گەیاندنی پەیام و خواستەکان.