هەڤاڵ ئەبوبەکر: حکومەتی عێراق پابەندییەکانی خۆی لە هیچ شتێکدا وەکو پێویست جێ بەجێ نەکردووە
K24 - هەولێر
لەیادی تێبەڕبوونی 239 ساڵ بەسەر بونیادنانی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سلێمانی یەکێکە لەکۆنترین شارەکانی جیهان، گوتیشی: ئەو شارە تا ئێستا لەگەشەکردندایە، سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵنگارییانەی شەڕ و رووبەرووبونەوە و بەریەکەوتن و بۆردومانی ئینگلیز.
سەبارەت بە پانەدییەکانی حکومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان ئاماژەی کرد، حکومەتی فیدڕاڵی پابەندییەکانی خۆی لە هیچ شتێکدا وەکو پێویست جێ بەجێ نەکردووە، بۆیە ئەبێت وتارێکی هاوبەش و یەکگرتوویەکی ناو ماڵی کورد هەبێت، بۆ ئەوەی فشارەکانمان چڕترکەینەوە، تاوەکو حکومەتی فیدڕاڵی خۆی بە پشتیوانمان نەزانێت و پشتمان بشکێنێت.
راشیگەیاند، ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا لەگەڵ ئێمە دا دەیکات، ئەوەستێتە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، چونکە نایانەوێت هیچ کاغەزێک پیشانی کوردستان و ناوچەکانی مادەی 140 بدەن، کە کەوتووەتە ژێر فشاری ئەجێندایەکی کوردستانی کە مافی خۆمانە بەپێی دەستوور.
دەشڵێت: ئەوان ئەیانەوێت وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بێنن، بۆ ئەوەی هەموو ئەو کوردانەی ناوچەکانی 140 بە کەرکووک و خانەقین و جەلەولا و سەعدییە و شنگال و شوێنەکانی دیکەشەوە، دەنگ بەوان بدەن، دەنگ بە لیستێک بدەن کە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بڕوات و ئیدارەی شوێنەکە بکەن.