کتێبی "سەڵاحەدیینی ئەیوبی" بڵاو دەکرێتەوە
K24 - هەولێر
کتێبی رۆمانی "سەڵاحەدیینی ئەیوبی" لە نووسینی نووسەری رۆمانووسی بەناوبانگی بەریتانی بەڕەچەلەک پاکستانی، "تارق عەلی"ـە و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی کورد شەفیق حاجی خدر، وەرگێڕردراوەتەوە بۆ زمانی کوردی.
تارق عەلی، پێنج رۆمانی لەسەر پێنج قۆناغی جیاجیای ئیسلام هەیە، کتێبەکەش بە ناوی"the book of salahadin" کتێبێکی مێژووییە، لە دووتوێی 540 لاپەڕە پێکهاتووە.
شەفیق حاجی خدر، نووسەر، وەرگێری کتێبەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناوەڕۆکی ئەم کتێبە رۆمانێکی مێژووییە پاڵپشتە بە مێژووە گرنگەکان، زۆرینەی کارەکتەرەکان راستین و رۆماننووسەکە، تەنیا دووان لە کارەکتەرەکان نەبێت کە گێڕەوەی چیرۆکەکەن، هەروەک خۆی لە پێشەکییەکەدا دەڵێت: ئەوانە دەستکردنی منن لەگەڵ ژنەکان، ژن لە مێژووی ئیسلامدا باسیان نەکراوە، پەردەیەکی ئەستووری تاریکی بەسەریاندا دراوە، بۆیە لەو رۆمانەدا رۆڵی ژن باس دەکرێت".
نووسەر زیاتر باسی ناوەڕۆکەکەی دەکات دەڵێت: "ئەم رۆمانە ناوەڕۆکەکەی زۆر شت هەڵدەگرێت، رۆمانەکە تەواوی سیفەتە جوانەکان و جوامێرییەکانی تێدایە، هەروەک لەم کتێبەدا باسکراوە، سەڵاحەدین ئەیوبی لە تەمەنی 55 ساڵێدا کۆچی دوای دەکات.
شەفیق حاجی خدر، گوتیشی: "ئەم رۆمانە خوێندنەوەیەکی نوێی و مێژوویی و زۆر گرنگە کە پێویستە زۆر شتی لەسەر هەڵبهێنجرێ، لەم کتێبەدا جگە لە پێشەکی خۆم دوو مێژووزان، کە یەکیان مێژوو نووسێکی کوردە، د. موحسین پێشەکی بۆ نووسیوە کە پسپۆرە لەبارەی سەڵاحەدین، د. نەبەز ئەمین ئەویش دکتۆراکەی هەواڵگرییە لە سەردەمی سەلاحەدین".
ئا: لاڤین عومەر
ئەو نووسەرە، ئاماژەی بەوەشکرد: "بەدەر لە رۆمانەکە من پاشکۆیەکەم بۆ نووسیوە کە لێکۆڵینەوەیەکی وردە، لەلایەن دوو کەسی ئینگلیز کە بەزمانی ئینگلیزی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە، هیوادارم ئەم رۆمانە لای خوێنەری کوردیش جێگەی خۆی بگرێت، ئاشکراشی کرد، هەندێک لەو کەسانەی کە دەقیان بە دینەوە گرتووە ئەم کتێبە رەنگە پێچەوانەی بیروڕای ئەوان بێت".
شەفیق حاجی خدر، یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی کورد، تاوەکو ئێستا (22) بەرهەمى هەیە، لە ماوەى چەند ساڵى رابردوو چەند کتێبێکى لەسەر مێژووى سیاسى و چۆنیەتى دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیل بۆ سەر زمانى کوردى وەرگێڕاوە، لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکى فراوان لە کتێبەکانی لێکراوە.