دەستەی کەشوهەوای عێراق: ئەگەری باران بارینی بەخوڕ کەمبووەتەوە
K24 - هەولێر
دەستەی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق رایگەیاند، ئەگەری باران بارینی بەخوڕی کەمبووەتەوە، بەهۆی دابەزینی ئەو کەشوهەوایەی کە لە دەریای سوورەوە بەرەو وڵات دێت، هەروەها روونیکردەوە کە چڕیەکەی سووک بۆ مامناوەند دەبێت.
سەید عەبدولعەزیم ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکە بە رۆژنامەی ئەلسەباحی راگەیاند: دابەزینی کەش و هەوا کاریگەری دەبێت، کە لە دەریای سوورەوە دێت، هەروەها پلەکانی گەرما 3 تا 5 پلە دادەبەزێت و کەشوهەوا هەور بۆ تەواوەتی هەور دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور هەورە تریشقە بێت، کە تا پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت: وەرزی بارانبارین بۆ ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو درەنگ دەستیپێکردووە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باکوور و ناوەڕاست، وەک پارێزگای دیوانیە، کە بە پارێزگایەک دادەنرا بەدەست لافاو و بارانبارینەوە دەیناڵاند، هەروەها پارێزگای نەجەف، کە تێیدا رێژەی باران بارین گەیشتە 90 ملیمەتر، بەڵام ئەمساڵ باران بارینەکان کاریگەرییان نەبووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشوهەوا، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە چاوەڕوانی ئەو پێشبینیانە نەکرێت کە لە ماڵپەڕەکاندا بڵاودەکرێنەوە، سەبارەت بە وەستانی کاتی دەوام و رێژەی بارانبارین، چونکە دەستە ئەو دەزگایە بەرپرسەیە لە دەرکردن و ئامادەکردنی راپۆرتی پێشوەختە سەبارەت بە بارودۆخی کەشوهەوا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کاریگەری ئەم دابەزینە لە پێنجشەممەی داهاتوو کەم دەبێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە دابەزین لەگەڵ چوونە ناو وەرزی زستان.