بەردەوامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس قەیرانی مرۆیی لە غەززە دروستکردووە

K24 – غەززە:

بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر 45 هەزار ئاوارەی کەمپێکی غەززە لە خان یونس لە بارودۆخێكی مرۆیی خراپدان و هیچ پێداویستییەکی ژیانکردنیان نییە. کوردستان24 لەنێو کەمپەکە بارودۆخی ئاوارەکان دەگوازێتەوە و ئاوارەیەک دەڵێت: "مافی مرۆڤ تەنیا لە کۆنفرانس و لووتکەکاندا هەیە و لە واقیعدا ئێمە هیچ مافێکمان بۆ دەستەبەر نەکراوە".

بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان لە غەززە رایگەیاند، ئێمە لە نێو خێوەتی ئەو ئاوارەکانداین کە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاوارەکانی بوونیاتناوە، ئێستا بەشێک لەو خێزانە فەڵەستینانەی لە غەززەوە بێماڵ ماونەتەوە، لەنێو ئەم خێوەتانەدا ژیان بەسەر دەبەن. خێزانەکان بە زۆرەملێ ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە و هاتوونەتە ئەم ناوچەیە.

گوتیشی: بەڵام بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و بارینی بارانێکی زۆر، ئاوارەکان لە بارودۆخێکی ناهەموواردان و بارانەکە دۆخێکی سەختی درووستکردووە.

ئاوارەیەکی غەززە،کە لە ئێستادا لە کەمپی خان یونس نیشتەجێیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەڕاستی بارانێکی زۆر باری، ناوچەکە هەمووی ببووە گۆمی ئاو، خیوەتەکانمان دارووخان و بە درێژایی شەوەکە نەمانتوانی بخەوین. کەمپەکە بەرگەی بارودۆخی کەشوهەوا ناگرێت، بە تایبەتیش لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان بارودۆخەکە ‌هێندەی دیکە خراپتر دەبێت. ئێمە هیچ مافێکمان نییە، منداڵەکانمان ماندوبوون، مافی مرۆڤ تەنیا لە کۆنفرانس و لووتکەکاندا هەیە، لە واقیعدا هیچ شتێک بوونی نییە، لە ناوچەی خۆمان دەرکراوین و بارودۆخی دەروونیمان تەواو وێران بووە، تاوەکو ئێستاش ئێمە تێناگەین چی روویداوە و بۆچی وامان بەسەر هاتووە، نازانین تاوانی هاووڵاتی چییە تاوەکو  بەم شێوەیە بخرێتە سەر شەقام".

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، ئاوارەکان لەنێو کەمپەکاندا، هیچ پێداویستییەکیان نییە، تەنانەت هیچ شتێک نییە لەسەری بخەون و خەڵکی لەسەر خۆڵ دەخەون، ئەم بێحاڵییەی ئاوارەکان لە  کاتێکدایە، 45 هەزار ئاوارە لەم کەمپەدا دەژین. کۆڵانی کەمپەکە لە باشووری کەرتی غەززە و رۆژئاوایی شاری خان یونس، هیچ شتێکیان نییە نە ئاو نە کارەبا، نە هیچ شتێک.

ئاوارەیەکی دیکەی غەززە بۆ کوردستان24 گوتی: "دوێنێ شەو ئەوەندە باران باری نەمانتوانی بخەوین، نە گرنگی بە ئێمە دەدرێت نە بە منداڵەکانمان، بەڕاستی تەواو بێهیوابووین لەم ژیانە، ئێمە گەڕاوینەتەوە سەردەمە زووەکان، خۆزگە هەر سەردەمە زووەکانیش بووایە، چونکە ئێستا هیچ شتێکی ژیانکردنمان نییە، نە نان نە ئاو نە پێداویستی پزیشکی، بگرە شەکر و خوێشمان دەست ناکەوێت".

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.