وەزارەتی تەندروستی: رێژەی خۆکوشتن بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە لە کوردستان کەمە
K24 - هەولێر
د. رێزان حوسێن، بەڕێوەبەرى بەشى تەندروستى دەروونى لە وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە هەموو کۆمەڵگەیەک و خۆشترین وڵاتی جیهان رێژەی خۆکوشتن بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە هەیە، بەڵام لە کوردستان رێژەکە کەمە.
کوردستان24: نەخۆشی دەروونی چییە؟ کێن ئەوەنەی زیاتر تووش دەبن؟
د. رێزان حوسێن: نەخۆشی دەروونی تێڕوانین و بیرکردنەوەمان دەباتە سەر سۆز و مهرەباینمان، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەگەر سۆز و مهیرەبانیمان تێكبچێت، کاریگەری دەکاتە سەر کارو بەڕێوەبەردنی کارەکانی رۆژانەشمان لەگەڵ ئەوە تێکدەچێت، بە گۆڕینی هەموو ئەو شتانەی کە هەیە، لەگەڵ تێڕوانیان دەگۆڕێت، ئەگەر توانیمان کۆنتڕۆڵی سۆز و بەڕێوەبەردنی کارەکانی رۆژانەشمان بکەین.
کوردستان24: هۆکارەکانی تێکچوونی دروون چییە؟
د. رێزان حوسێن: زۆر هۆکار هەن کەوا لە مرۆڤ دەکات دەروونی تێکچێت، "زۆرجار دەبینی لە منداڵییەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، یا ئەو ژینگەیەی کە تێیدا گەورە بووە، هەژاری، نەچوونە بەر خوێندن، گرنگی نەدان، ئازاردان" ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ ئەوەی دروونی مرۆڤ تێکچیت، هەندێکجار بۆماوەییە لە دایک و باوکەوە دەگوازرێتەوە، منداڵەکەش هەمان جینات هەڵدەگرێت و یا تووشی دڵەڕاوکێ دەبن یا گرفتێکی دوورو درێژ ناتوانێ تێیدا بێتە دەرەوە، کاریگەریی لەسەر دروست دەکات.
دووجۆر نەخۆشی دەروونی هەیە، یەکیان پێی دەگووترێ تازە واتە نوێیە تووش بووە، ئەوە گەر بێت و زوو سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات چارەسەرەکەی بەبێ دەرمانە و زۆر ئاسان چارەسەر دەکرێت، ئەوی دیکەش بەدرێژایی ژیانی، ئەو گرفتە هەر هەبووە لەگەڵی، بەدەرمان چارەسەر دەکرێت.
کوردستان24: نەخۆشیی دەروونی لە ئافرەت زۆرترە کە تووش دەبێت یان پیاوان؟
د. رێزان حوسێن: ئەگەر باس لە دڵ تەنگی بکەین، ئەوە بەگشتی زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت، لە هەموو جیهاندا لە چوا ژن یەکێکیان تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت بەهۆی دڵتەنگییەکەیەوە، بەڵام گەر بێینە سەر نەخۆشی سیکسیزینیۆ ئەوە زیاتر تووشی پیاوان دەبن و ئەگەر سەیری نەخۆشی ئۆتیزم بکەی لە منداڵان، زیاتر لە رەگەزی نێر زۆرترە وەک مێ".
کوردستان24: چۆن چارەسەری نەخۆشی دەروونی دەکرێت؟
د. رێزان حوسێن، ئێستا لە هەموو جیهان باس لە تەندروستی دەروونی دەکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەم 20 ساڵەدا بەڕێژەیەکی زۆر خەڵکی تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، رێکخراوی جیهانی تەندروستی دەڵێ،"ئەگەر تۆ دەروونت تەندروست نەبێت، جەستەشت تەندروست نابێت، هەموو تەندروستییەک لە تەندروستی دەروونی دێت"، پێویستە تێڕوانینمان بۆ ژیان بگۆڕین لەسەر ئەو شتانەی کە لە ژیانی رۆژانەمان بەسەرماندا دێت، بەجۆرێکی ئەرێنی سەیری بکەین نەک نەرێنی، پێویستە بیر لە شتی باش و جوان بکرێتەوە نەک شتە خراپەکان، هەبوونی هاوڕێی دڵسۆز لە دەوروبەرت، خێزان زۆر گرنگە کە بۆ هەموو کارێکی باش پاڵپشتت بن و تووشی هەر گرفتێک بووی لە هەوڵی چارەسەرکردندا بن لەگەڵت، باس کردنی کێشيکان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە دڵ و دەروون نەمێنێتەوە کاریگەری دروست بکات.
هەر مرۆڤێک بەدرێژایی هەفتە کە کاری کرد باشتر وایە رۆژێک لەو هەفتەیە دیاری بکات، بۆ ئاسوودەی دەروونی خۆی بۆ ئەوەی ئەو پاڵەپەستۆیەی هەیە لەسەری نەمێنێت، راگەیاندنەکانیش پێویستە رۆڵ ببینن، تا ئێستا هەوڵیان نەداوە بەرنامەیەکی تایبەت هەبێت بەو دیاریدە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمە زۆر نەبێت.
کوردستان24: ئایا لە کوردستان رێژەی نەخۆشی دەروونی هەیە؟ ئەگەر هەیە لە چ ئاستێکدایە؟
د. رێزان حوسێن: ئێمە ناتوانین بەتەنها بڵێین کوردستان، لە هەموو کۆمەڵگایەک و خۆشترین وڵاتی جیهان رێژەی خۆکوشتنی نەخۆشی دەروونی زۆر بوونی هەیە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر هەبێت، هۆکارەکەی ئەوەیە خەڵکەکەی نازانێت تا ئێستا چۆن بژی و دڵی خۆی خۆشبکات، بەڵام لە کوردستان، جگە لەوەی کێشەیەکی زۆریشمان هەیە لە دڵەڕاوکێین و بەتایبەت لای هەرزەکارەکان، بەهۆی قۆناغەکانی خوێندنەوە تووشی دەبن، هەرچەندە توێژەرەکانی کۆمەڵایەتی بەجوانی دەوری خۆیان نەسەلماندووە بە پێی پێویست، کە بەکردار فێریان بکەن، لە تەمەنێکی بچووکەوە کۆمەڵێک شت بۆخۆیان دروست بکەن، تووشی دڵەڕاوكێ نەبن و پێویستیان بە کەس نەبێت، ئەگەر ئێمە توانیمان تاکێکی بەهێز دروست بکەین، ئەوە نەخشە رێگایەکی باش فێر کراوە، دەتوانێت خۆی رزگار بکات لە هەموو کێشە و گرفتێک، لە کوردستان رێژەی خۆکوشتنی دەروونی کەمە.
دەربارەی ئامار، ئێمە چەندین ساڵە هەوڵدەدەین بۆ کۆکردنەوەی ئامارێکی دیاری کراو، بەڵام وەک پێویست ئامارێکی رێک و پێکمان نییە، کە مانگانە بگاتە دەستمان، ئەویش لایەنی تەندروستی بەرپرسیارە، لە هەبوونی نەخۆشێکی دەروونی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، چۆن ناویان تۆمار بکات، کە ئێمە چەندان بنکەی تەندروستیمان هەیە لەگەڵ چەندەها راهێنەر.
ئا: لاڤین عومەر