برێت مەکگۆرک: ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل تەنها بە دامەزراندنی دوو دەوڵەت کۆتایی دێت

K24 - هەولێر
راوێژکاری باڵای جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، "ئازادکردنی بارمتەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، دەبێتە هۆی زیادبوونی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و وەستانی شەڕ لە غەززە".
برێت مەکگۆرک لە وتارێکدا پێش کۆبوونەوەی لوتکەی "دیالۆگی مەنامە" کە لەلایەن پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە بەحرەین بەڕێوەچوو، گوتی: "ئازادکردنی بارمتەکان رێگای وەستاندنی شەڕەکانە"، گوتیشی: بۆ وەستاندنی شەڕەکە، بارمتەکان ئازاد بکەن، بەرپرسیارێتی لێرەدا لە ئەستۆی حەماسدایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە دۆستەکانی کاتێک هەڕەشەیان لێدەکرێت یان هێرشیان دەکرێتە سەر".
مەکگۆرک لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، پاڵپشتییەکانمان نەک هەر لەسەر هەڕەشەکانی حەماسە، بەڵکو لەسەر هەڕەشەکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێران، هەروەها لە خودی ئێرانەوەیە.
دەشڵێت: ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل، تەنها بە چارەسەری دوو دەوڵەت کۆتایی دێت، باسی لەوەشکرد: هیچ رێگەیەکی هەمیشەیی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نییە جگە لەوەی کە دەبێتە هۆی ئیسرائیلێکی تەواو ئەمن و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین.
لە هەمان لوتکەدا، شازادەی جێنشینی بەحرەین، شازادە سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفە، داوای لە حەماس کرد ئەو ژن و منداڵە ئیسرائیلیانەی کە وەک بارمتە رفێندراون ئازاد بکەن، لە بەرامبەریشدا داوای لە ئیسرائیل کرد ژن و منداڵانی فەڵەستینی لە زیندانەکاندا ئازاد بکات.