هاتووچۆی هەولێر بڕیارێک بۆ شوفێرانی ماتۆڕسکیل دەردەکات

K24 - هەولێر

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: هەر شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل کڵاوی سەلامەتی نەبەستێت، هەتا 25ی ئەم مانگە بکەوێتە ناو مەفرەزەکانمانەوە، وەک سزایەک دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت.

فازل حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: "ماوەیەکە بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە بەتایبەت ئەوەی ماتۆڕسکیل تێیدا لایەنە لە رووداوەکان و ژمارەی ماتۆڕسکیلەکانیش زۆر بووە، زۆریشیان نایاسایین و پابەندی رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ نابن، ئەم بڕیارەیان بۆ دەرچووە".

گوتیشی: "وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان و قوربانییەکانی شۆفێرانی ماتۆڕسکیل، ناچاریان دەکەین، کەرەستەکانی سەلامەتی ببەستن، بەتایبەت کڵاوی سەلامەتی، کاتێک رووداوی هاتووچۆ دەبێت شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە دەکەوێت، پێش هەموو شتێک سەری بەر زەوی دەکەوێت، یا گیان لەدەستدەدات یاخود دووچاری بە سەختی بریندار دەبێت، ئەگەر ئەو کڵاوە هەبێت لەوانەیە قوربانی لێنەکەوێتەوە یاخود زیانەکان کەمتربن".

فازل حاجی ئاماژەی بەوەشدا: "سەرەتا پابەندیان دەکەین کڵاوی سەلامەتی بەکاربهێنن، هەر شۆفێرێک پابەند نەبێت هەتا 25ی ئەم مانگە بکەوێتە ناو مەفرەزەکانمانەوە، وەک سزایەک دەست بەسەر ماتۆڕەکەیدا دەگیرێت".

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، راشیگەیاند: "دەمانەوێت رێگە چارەیەک بۆ بەیاسا کردنی ماتۆڕسکیلەکان بدۆزینەوە، دەمانەوێت ئەوە یەکەم هەنگاو بێت کە دەکرێت، بۆ ئەوەی بیانپارێزین و قوربانی کەم بکەینەوە".

ئا: لاڤین عومەر