چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتری خێرا لە هەولێر یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکان
K24 – هەولێر:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، مانگی ئاداری 2022 دەستی بە جێبەجێکردنی پرۆژەی (چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتری خێرا لە هەولێر) کرد.
ئەندازیار هاوکار عەزیز، نوێنەری بەرێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەرۆکانی هەولێر لە پرۆژەکە بە کوردستان 24ـی راگەیاند: پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتری خێرا لە هەولێر، لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت، یەکیان دروستکردنی ئاوەڕۆیەکە بۆ وەرگرتنی ئاوی ئاوبەری شەقامی 150 مەتری کە بە ئاراستەی گوندی کەڵەکین دەڕوات و ساڵانە دەبێتە مەترسی دروستبوونی لافاو لەسەر گوندی کەڵەکین، گوتیشی: %60 ی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە، بەشێکی دیکە لە پرۆژەکە دروستکردنی ئاوبەرێک و ئاوەڕۆیەکی سندوقیە لە نزیک کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لەسەر رێگەی هەولێر بۆ پیرمام کە تەواو بووە و کار دەکات.
هاوکار عەزیز ئاشکرای کرد: ئاوبەرێکی دیکە لەسەر رێگەی مەلا ئۆمەر لە نزیک ئەکواتارین تەواو بووە، لەسەر هەمان رێڕەوی ئاو لەلای ئەکواتارین، بەڵام لەسەر رێگەی هەولێر - پیرمام ئاوبەرێکی دیکە لە نزیکترین کاتدا بۆ مەبەستی رەواندنەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو دەستی پێدەکرێت.
ئەو ئەندازیارە پرۆژەیەکی دیکەی راگەیاند کە پرۆژەی رێکخستنی شۆڵدەری شەقامەکانە لە بازگەی هەولێرەوە تاوەکو پێچەکانی پیرمام، بەپێی قسەکانی ئەو، لەو بەشە کاری رێکخستنەوە و خاوێنکردنەوەی جۆگە ئاوییەکان و ئاوبەرەکان ئەنجامدراون بە گشتی 55%ـی پرۆژەکە جێبەجێکراوە.
هەروەها گوتیشی: بە جێبەجێکردنی ئەوە پرۆژەیە مەترسی لافاو لەسەر گوندی کەڵەکین و دوروبەری کەم دەبێتەوە، هاوکات مەترسی لافاو بە درێژایی رێگەی هەولێر - پیرمام لە گراند ماجیدی مۆڵەوە تاوەکو نزیک پێچەکانی پیرمام، سەرباری ئەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو لەژێر پردی 150 مەترسی لافاوی بەرێژەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە.
پاش ئەوەی چەند جارێک بەهۆی بارانی بەخوڕ، لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر لافاو دروستبوو و بووە هۆی زیانی گیانی و ماڵی، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150 مەتری خێرا لە هەولێر، هەشت ملیار و 806 ملیۆن و 864 هەزار و 543 دینار لە 25ـی ئاداری 2022 دەستی پێکرد.


ئا/ کارزان حەیدەر