فازڵ ئیبراھیم: بەرەبەیانی سبەی بارانبارین بەهێزتر دەبێت
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، دەڵێت: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان کردووە و ساڵانی داهاتووش ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوام دەبێت. گوتیشی: بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەمساڵ رێژەی بارانبارین زۆرتر دەبێت.
فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان 24 رایگەیاند، لە بەرەبەیانی سبەیەوە شەپۆلی بارانبارین چڕتر دەبێتەوە بە تایبەت لە هەردوو سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک، سەبارەت بە سنووری پارێزگای سلێمانی پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بارانبارین لە دوای کاتژمێر 11ـی بەیانی چالاک بێت و تا دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، ئەمەش وا دەکات پلەکانی گەرما بە رادەیەکی بەرچاو لە چوار بۆ پێنج پلە روو لە دابەزین دەبێت، ئەمەش وادەکات لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین دەست پێبکات.
بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، دەڵێت: هۆکاری ئەو باران بەخووڕانەی ئەمساڵ بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە لە سەرتاسەری جیهان، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو گۆڕانکاریانە، بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتووش ئەم رەوشەی کەشوهەوا بەم شێوەیە دەبێت، یەکێک لەو راسپاردانەی رێکخراوە کەشناسیە جیهانەکان دەڵێن دەبێت مرۆڤ خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو گۆڕانانەی کەشوهەوا.
فازڵ ئیبراھیم، ئاماژەی بەوەدا، پێشبینی دەکرێت خێرایی با بگاتە سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک، هەربۆیەش ئەم بایە وایکرد ئەمشەو رێژەی دابارین کەمتر بێت، بەڵام سبەی بەیانی پێشبینی کەمبوونەوەی خێرایی با دەکرێت، لە هەمان کاتیشدا بەمهۆیەوە پێشبینی دەکرێت رێژەی دابارین زیاتر بێت.
بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، گوتی: لە سێ ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان تووشی کارەساتێکی سرووشتی بوو ئەویش وشکەساڵی بوو، ئەمەش وایکرد کاریگەرییەکانی بەردەوامبێت، ئەمساڵ بەراورد بکەین بە پار ساڵ لە رووی بارانبارینەوە لەو کاتە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە رێژەی 20% بەراورد دەکرێت ئەم رێژەیەش دڵخۆشکەرە.
گوتیشی: وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دڵخۆشکەر دەبێت، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت دیاردەی نینۆ زاڵ بێت لەسەر ناوچەکە، لە هەر ساڵێکیش دیاردەی نینۆ زاڵ بێت بۆ ناوچەکانی ئێمە دڵخۆشکەر دەبێت و رێژەی دابارین زیاتر دەبێت.
فازڵ ئیبراھیم، ئەوەشی خستەڕوو، "بارانبارینی نەرم و لەسەرخۆ بێگومان سوودی زیاتر دەبێت زەوی بە ئاسانیتر دەتوانێت هەڵیمژێت، بەڵام بارانی بەخووڕ دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی سەر زەوی زیاتر بڕوات، بەڵام دەمێنێتەوە سەر شێوازی ئیدارەدانی، خۆشبەختانە بینیمان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا بەرنامەیەکی چڕوپڕی پەیڕەو کرد بۆ کۆگاکردنی ئاو، جا چ لە رێگەی پۆندەکان بێت یاخود بەنداوەکان".
بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، هاووڵاتییان ئاگەداردەکاتەوە پابەندبن بە رێنماییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتووچۆ بۆ ئەوەی بەدوور بن لەهەر کارەساتێکی نەخوازراو.