گوتەبێژی بارەگای بارزانی لێدوانێک لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاودەکاتەوە

لۆگۆی بارەگای بارزانی
لۆگۆی بارەگای بارزانی

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر کردەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئیستحقاقی پێكهاتەی سووننەیە و هەر کاندیدێکیش بۆ ئەو پۆستە دیاریبکرێت دەبێت رەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سووننەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی لەسەر بێت.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لەبارەی دیاریكردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە كە ئەو پۆستە لە ئیستحقاقی پێكهاتەی سووننەیە.

هەروەها گوتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر كاندیدێك كە بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت پێویستە كۆدەنگی یان رەزامەندیی زۆرینەی لایەنە سووننەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی لەسەر بێت.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایه‌وه‌، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە بۆ دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستەکەی، لایەنە سوننەکانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی ئەو پێکهاتەیەیە.

هەروەها رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەیامێکی ئاراستەی لایەنگران و دەنگدەرانی کرد و رایگەیاند، پابەندی یاسا و دەستوور دەبن و رێگەنادەن هیچ کەسێک پێشێلی یاسا و دەستوور و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە گەورەن و هەڵبژاردنی ئەم کاتەش پەیامێکی روونە بەڵام دەنگمان هەر بەرز دەمێنێتەوە".