یەکێتی و گۆڕان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

فۆتۆ: بڕیار نامیق
فۆتۆ: بڕیار نامیق

K24 – هەولێر

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى  نەخشەڕێگایەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوى و ئاڵۆزیانەى لە ناوچەکە هەیە، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە: "کۆبوونەوەکە، هەڵوەستەى لەسەر پرسى هەڵبژاردنەکان کرد، هەردوولا جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، هەروەها هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردولا هاوڕابون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تا هانى زیاتری هاووڵاتییانى کورد بدات بۆ بەشداریکردنى کارا لە پڕۆسەکەدا".

بەگوێرەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕان: "دۆخى ژیان و بژێوى هاووڵاتییان و کاریگەرى قەیرانى دارایی لەسەر مووچەخۆران و مامۆستایان بەشێکى گرنگى کۆبوونەوەکەى پێکهێنا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى بگەنە خاڵى هاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى مووچە لەکاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنوورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بۆ چارەسەرى کێشەکانى تەندروستى و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیئان.

ئەمڕۆ شەممە (25/11/2023)، شاندێکی باڵاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى و شاندى یاوەرى لە مەکتەبى سیاسى، سەردانى مەکۆى سەرەکى بزووتنەوەى گۆڕانیان لە شارى سلێمانى کرد و، لەلایەن شاندى باڵاى بزووتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى مستەفا سەید قادر و شاندى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتمانى پیشوازیان لێکرا.

Fly Erbil Advertisment