پێداگیری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان

سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ سەنتەرێکی داڵدەدانی ئافرەتان لە هەولێر - 2019/11/25
سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ سەنتەرێکی داڵدەدانی ئافرەتان لە هەولێر - 2019/11/25

K24 – هەولێر:

دادپەرەوەری لە ماف و رەخساندنی هەلی کارکردنی یەکسان بۆ ئافرەتان بەشێکی گرنگی لە دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ حکومڕانییەکی تەندروست لەخۆگرتووە و هەمیشە پێداگیری کردووە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و جیاکاری رەگەزی.

ئەم دیدگایەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جێگیرکراوە، کە تێیدا هاتووە، "دژی هەر جیاکارییەکی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە. پێویستە ئافرەتان بە توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە، رۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا وەرگرن و بەشدارییەکی کارای ناو کایەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمدا بکەن".

لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە کردەیی، ئەو دیدگا و پەیامەی بۆ مافی ئافرەتان بۆ جێبەجێکردن وەرگێڕا و لە (25ـی تشرینی دووەمی 2019) بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، سەردانی یەکێک لە سەنتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتانی لە شاری هەولێر کرد و گوتی، " پێم باشتربوو لە جیاتی ئەوەی تەنیا وتارێک بخوێنمەوە، لە نزیکەوە سەردانی ئێوە بکەم و گوێم لە داخوازییەکانتان بێت".

لەو سەردانەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، "دەمانەوێت کۆمەڵگەی ئێمە دوور بێت لە هەموو تووندوتیژیەک و ئافرەتان نەک تەنیا پارێزراو بن بەڵکو هەموو مافێکی ژیان و خۆپێگەیاندنیان پارێزراو بێت. پێویستە ئافرەتانیش وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە، مافی ژیانێکی تەندروستیان لە کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا هەبێت. بێگومان ئەمەش بەستراوەتەوە بە هەبوونی کۆمەڵێک یاسا و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە بەرامبەر ئافرەت. حکومەتیش دەبێت پارێزەری ئەو مافانە بێت و لەمڕوەوە ئێمە هیچ درێغییەک ناکەین".

هەروەها لە رۆژی (8ـی ئاداری 2020) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا ئاماژەی بەوەکرد، "یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا".

لەبارەی ئافرەتانی کوردستانیشەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، "ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین".

هەروەها لە کۆبوونەوەی رۆژی (3ـی تشرینی دووەمی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیران، کە پەیڕەوی ئەنجوومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، "ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان، خاوەنی مێژووییەکی پڕ قوربانیدان و سەروەرین و رۆڵێکی کاریگەریان هەبووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ، بۆ نەهێشتنی ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتان و وەستانەوە دژی جیاکاری رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان لەپێناو بەرزکردنەوە و زیادکردنی ڕێژەی بەشداری کارای ئافرەتان لە دەسەڵات و پاراستنی مافەکانیان".

رۆژی (10ـی شوباتی 2021) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆبەی هێلی گەرمی ژمارە 119 لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە شاری هەولێر بەسەرکردەوە و رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، دژی هەموو جۆرە تووندتیژییەکە و بەردەوام کار دەکات بۆ بنبڕکردنی گشت تووندوتیژییەک و هەموو هاووڵاتییەک بەرامبەر یاسا یەکسانە و پێویستە ئافرەتان، ئازادانە بژین و بڕیار لە ژیانی خۆیان بدەن و مافەکانیان پارێزراو بێت".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەموو بۆنە و چالاکییەکانی تایبەت بە ئافرەتاندا، بە دەرفەتی زانیوە جەخت بکاتەوە لەسەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن وبەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەندین جار لە پەیامەکانیدا، داوای لە ئافرەتانی کوردستان کردووە، رۆڵی کارای خۆیان لە کۆمەڵگە و سەرجەم بوارەکاندا بگێڕن و پاڵپشتی خۆشی بۆ خەباتی ئافرەتان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و دەرفەتی یەکسان لە کارکردن و بەشداری کارە لە بوارە جیاوازەکاندا، هاوکات گرنگی خێزان و پەرەوەردەشی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست کە رێز لە مافەکانی ئافرەتان بگرێت، دووپاتکردووەتەوە.

لە (8ـی ئاداری 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو هێز و توانامان دژی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ و هەموو توندوتیژییەکین، بە تایبەتی توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئافرەتان و پێشێلکردنی مافەکانیان، کە بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردستانیش، وەک زۆر کۆمەڵگەی دیکەی دونیا بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەم توندوتیژییە، بە هیچ شێوەیەک بەلای ئێمەوە مایەی قبوڵکردن نییە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی و نەهێشتنی ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی گشتی .”

رۆژی (21ـی تشرینی دووەمی 2023) لە دیدارە تایبەتەکەیدا لە کۆڕبەندی مێپس 2023، لەبارەی رۆڵی ئافره‌ت له‌ كایه‌ی گشتیدا، سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزان رایگەیاند، ئێمه‌ له‌ كه‌رتی گشتیدا وه‌زیری ئافره‌تمان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت نا، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كانی حكومه‌ت و رێكخراوه‌كاندا، ئێمه‌ ئافره‌تمان هه‌یه‌ كار ده‌كات و گوتی، "من باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌ت به‌ ئافره‌تان بدرێت، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌گه‌زی جیاوازه‌، چونكه‌ ئافره‌تان زیره‌كن و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ زیره‌ك و لێوه‌شاوه‌ن".

لە (25ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژى جيهانيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ئافره‌تاندا، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە، "حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە کارکردن لەپێناو بنبڕکردن و سنووردانان بۆ دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە رێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی رۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانباران".